دانوستانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا کۆتاییهات

گەڕی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت کۆتایی هات؛ لەکاتێکدا بەرپرسانی عومان باس لە داڕشتنی چوارچێوەی دانوستاندنەکان دەکەن، میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە ئەگەری ڕێککەوتنێک لە ئارادایە بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.

هەینی 6ـی شوباتی 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.

هاوکات بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، ئەگەری هەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت، لە بەرانبەردا ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت.

هەروەها میدیاکانی عومان لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاماژەیان داوە، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر چوارچێوە و مەرجەکانی دانوستاندن و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕتر بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، ئەمڕۆ کاتژمێر 09:45 خولەکی بەیانی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەدر حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە.

هەروەها کاتژمێر 11:45 خولەک، کۆبوونەوەی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان، دەستی پێکرد، هاوکات کاتژمێر 12:00 گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمڕۆ کۆتاییهات

بەگوێرەی ئاژانسەکە، کاتژمێر13:16 خولەک تاوەکوو 14:21 گفتوگۆی نێوان عەباس عراقچی لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی دەستی پێکردووەتەوە و کاتژمێر 16:50 خولەک شاندی دانوستانکاری ئێران گەڕاونەتەوە شوێنی حەوانەوەیان لە مەسقەت.