عراقچی: ئەم گەڕەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەم گەڕەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکێکی باش بوو. جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.

هەینی، 6ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئەمڕۆ چەند گەڕێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو، لە گەیاندنی پەیامەکاندا چەند خاڵێکی نیگەرانیی ئێمە لە دوای ئەو هەموو ماوەیە گەیەندران.

باسی لەوە کرد، لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بە شێوەکی گشتی ئەم گەڕەی دانوستان دەستپێکێکی باش بوو، بەڵام پێویستە بگەڕێنەوە تاران بۆ ئەوەی قسە بکەین لەسەر چۆنییەتی بەردەوام بوون لە دانوستانەکان.

عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، هەموو نیگەرانییەکان و بەرژەوەنیدیەکانی گەلی ئێرانمان ئاراستەی لایەنی بەرانبەر کردووە، هەروەها هەموو دید و بۆچوونەکانی لایەنی بەرانبەر (ئەمریکا)ـمان وەرگرتووە.

گوتیشی: بۆ درێژەدان بە دانوستەکانی ئێران و واشنتن، لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لادا هەیە، بەڵام دەبێت راوێژ لەگەڵ وڵاتەکانی خۆمان بکەین.

لە بارەی کۆتاییهاتنی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمڕۆی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: " دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بە رێککەوتنی هەردوولا بۆ درێژەدان بە دانوستان کۆتایی هات."

هەروەها نووسیویەتی، "هەردوو شاندی دانوستانکار جیا لە گەیاندنی بیروڕا و داواکارییەکان، رێكکەوتن بۆ گەڕی داهاتووی دانوستانەکان بگەڕێنەوە پایتەختی وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی راوێژ بکەن.

لە لایەکی دیکەوە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیریی عوممان، کۆتایی هات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.

هاوکات بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، ئەگەری هەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت، لە بەرانبەردا ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت.

هەروەها میدیاکانی عوممان لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاماژەیان داوە، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر چوارچێوە و مەرجەکانی دانوستاندن و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕتر بەڕێوە بچن.