ناوەرۆکی نامە مێژووییەکەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ جەنەراڵ شارل دیگۆل

لە بەڵگەنامەیەکی مێژووییدا کە دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی 1968، مەلا مستەفا بارزانی، رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد، لە پەیامێکدا بۆ جەنەراڵ شارل دیگۆل، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا، وێڕای ستایشکردنی رۆڵی مێژوویی ناوبراو لە ئازادکردنی گەلاندا، دەڵێت: "ئێمە لە شەڕ بۆ مانەوەی نەتەوەکەمان تەنیاین، فەرەنسا یەکەمین و تاکە هیوای ئێمەیە".

لە شوباتی ساڵی 1968، لە ساتەوەختێکی هەستیاری مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، مەلا مستەفا بارزانی، رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد، نامەیەکی پڕ لە مانای سیاسی و مرۆیی ئاڕاستەی جەنەراڵ شارل دیگۆل، سەرۆکی کۆماری فەرەنسا کرد. نامەکە هەڵگری پەیامی نەتەوەیەکە کە لە پێناو مانەوە و ئازادیدا دەجەنگێت و رووی لە سیمبولی ئازادیی ئەوروپا کردووە.

لە دەستپێکی نامەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی، بە زمانێکی دیپلۆماسیی بەرز و پڕ لە رێز، خۆی وەک "پیاوێکی بە تەمەن کە تەمەنی لە پێناو شکۆ و ئازادیی گەلەکەیدا تەرخان کردووە" دەناسێنێت و دیگۆلیش وەک "مەزنترین جەنگاوەر و رزگارکەری فەرەنسا" وەسف دەکات.

رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد ئاماژە بەوە دەدات، کە دیگۆل، وەک کەسایەتییەک کە بیرۆکەی "مافی چارەی خۆنووسین"ـی چەسپاندووە و دژی هەموو جۆرە سەرکوتکارییەکە، دەتوانێت باشتر لە هەموو کەسێک لە ئازار و خەباتی شەش ساڵەی کورد لە چیاکان تێبگات.

یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی نامەکە، بەکارهێنانی کارتێکی زیرەکانەی دیپلۆماسییە لە لایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە. ئەو بە بیر دیگۆلی دەهێنێتەوە کە چۆن سەرکۆنەی جەنگی ڤێتنامی کردووە. داوای لێ دەکات بە هەمان پێوەر سەیری دۆزی کورد بکات.

هاوکات دەنووسێت: "تۆ دەتوانێت هاوسۆزی ئەو شەڕە سەختە بیت کە کورد لە چیا ماوەی شەش ساڵە لە باکووری عێراق دەیکات، دڵنیام چارەنووسی کورد لای جەنابتان کەمتر گرنگ نییە لە چارەنووسی ڤێتنامییەکان."

 

تەنیایی کورد و مەترسیی پڕچەککردنی عێراق

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی، وێنەیەکی تراژیدی لە دۆخی نێودەوڵەتیی کورد دەخاتە روو؛ ئاماژە بەوە دەکات، لە شەڕ بۆ مانەوەی نەتەوەکەیان تەنیان، نەتەوەیەکگرتووەکان کوردی پشتگوێ خستووە و زلهێزەکانیش لە کێبڕکێدان بۆ پڕچەککردنی عێراق بە مەبەستی وێرانکردنی کوردستان.

لەم سۆنگەیەوە، مەلا مستەفا بارزانی، هۆشداریی دەداتە فەرەنسا و دەڵێت: "عێراق داوای چەک لە فەرەنسا دەکات بێ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر بکات، ئەو چەکانە تەنیا دەبنە هۆی وێرانکاری و کۆمەڵکوژیی ئافرەت و منداڵەکانمان."

 

فەرەنسا؛ دوا پەناگەی هیوا

لە کۆتایی نامەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی، بە بەکارهێنانی دەقێکی قورئانی پیرۆز، رەهەندێکی رۆحی بە پەیوەندییەکە دەبەخشێت و دەنووسێت: "هەر پیاوێک لە رۆحی خۆیدا خاوەنی پەناگەیەکی هیوا و ئاشتییە." ئەو جەخت دەکاتەوە کە دیگۆل و فەرەنسا، ئەو پەناگە و ئاسمانە پاکەن کە کورد هیوای پێ بەستووە.

ئەم بەڵگەنامەیە نیشاندەری دیدگای ستراتیژیی مەلا مستەفا بارزانییە لە تێگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پشتیوانیی ئەخلاقی و سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکان، لە سەردەمێکدا کە کورد لەژێر گەمارۆیەکی سەختی سەربازی و سیاسییدا بوو.