ئەکسیۆس: ویتکۆف و عراقچی بە شێویەکی راستەوخۆ یەکدییان بینیوە

هەینی 6ـی شوباتی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی عومان، ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر، راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، راستەوخۆ لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەتەوە.

ئەم کۆبوونەوە راستەوخۆیە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە رێگەی نێوەندگیری عومانەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن، بەتایبەت لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیریی عومان، دوای بەڕێوەچوونی دوو گەڕ کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.

هەروەها عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەمڕۆ چەند گەڕێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو، لە گەیاندنی پەیامەکاندا چەند خاڵێکی نیگەرانیی ئێمە لە دوای ئەو هەموو ماوەیە گەیەندران.

باسی لەوە کرد، لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.

بەدر حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، گفتوگۆ نێوەندگیرییەکانی ئەمڕۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر جددی بوون.

ئەلبوسەعیدی ئاماژەی بەوەش داوە: گفتوگۆکان بەسوود بوون بۆ روونکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە دەکرێت پێشکەوتنیان تێدا بەدەست بێت.