یەکەم کاردانەوەی بنەماڵەی قەزافی لەسەر کوژرانی سەیفولئیسلام

رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەیفولئیسلام قەزامی لە شاری بەنی وەلید لە لیبیا
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەیفولئیسلام قەزامی لە شاری بەنی وەلید لە لیبیا

هەزاران هاووڵاتیی لیبی لە شاری "بەنی وەلید" بەشدارییان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەیفولئیسلام قەزافیدا کرد. لەم بارەیەوە ساعدی قەزافی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئامادەبوونی ئەو جەماوەرەی بە بەڵگەی جەماوەرێتیی براکەی ناو برد.

هەینی، 6ـی شوباتی 2026، ساعدی قەزافی، کوڕی سەرکردەی پێشووی لیبیا، سەبارەت بە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەیفولئیسلامی برای، لە هەژماری خۆی لە تۆپڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گەورەترین رێوڕەسم بووە و لە مێژووی لیبیادا هاوشێوەی نەبووە.

ئاماژەی بەوە دا، کە ئامادەبوونی ئەو جەماوەرە زۆرە لە رێوڕەسمەکەدا "راپرسییەکی میللی و نیشتمانی بووە لەسەر جەماوەرێتیی سەیفولئیسلام."

ئەمڕۆ لەژێر رێوشوێنی توندی ئەمنیدا، هەزاران هاووڵاتی لە سەرجەم شارەکانی لیبیاوە روویان لە شاری "بەنی وەلید" کرد بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەیفولئیسلام قەزافی، کە سێ رۆژ لەمەوبەر لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری "زینتان" تیرۆر کرا.

بەشداربووانی مەراسیمەکە دروشمی توندیان دژی "تاوانی تیرۆرکردنی سەیفولئیسلام" دەوتەوە و داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بە پەلە و شەفافیان دەکرد بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی رووداوەکە و سزادانی بکەرانی.

تەرمی سەیفولئیسلام لە گۆڕستانی "مەناسلە" لە شاری بەنی وەلید، لە تەنیشت گۆڕی "خەمیس قەزافی"ـی برای بە خاک سپێردرا، کە لە رووداوەکانی شۆڕشی ساڵی 2011ـدا کوژرابوو.

سەیفولئیسلام پێشتر خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2021 کاندید کردبوو، کە دواتر هەڵوەشایەوە، چاودێران پێیان وایە گەڕانەوەی ناوبراو بۆ گۆڕەپانی سیاسی و هەبوونی پشتیوانیی لایەنگرانی رژێمی پێشوو، یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەڵبژاردنانە.

رووداوی کوشتنەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو رووی دا، کاتێک چوار چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری "زینتان" لە باشووری خۆرئاوای تەرابلوس و تیرۆریان کرد.