برسییەتی دانیشتووانی کۆبانێی هەراسان کردووە

گەمارۆی سەپێنراو بە سەر شاری کۆبانێ، کە لە 18ی کانوونی دووەمەوە دەستی پێکردووە، تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

شەممە، 07 شوبات، 2026 روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند "بە هۆی  هاتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی گوندەکانی دەوروبەر و نەبوونی هاوکارییە مرۆییەکان. شاری کۆبانی گیرۆدەی کەمیی توندی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە و ئەوەش رێگرە لە گواستنەوەی وێنەی راستەقینەی ئەو گەمارۆیەی بەسەریدا سەپێنراوە."

ئەم دۆخە، هاوکاتە لەگەڵ نەمانی سووتەمەنی و کەرەستەکانی گەرمکردنەوە و  سەوزە و میوە کە بە بڕێکی کەم کە لە گوندەکانی دەوروبەرەوە دەهێنرێن و بە نرخێکی گران، لە سەرووی توانای زۆربەی دانیشتوان و ئاوارەکانە، دەفرۆشرێن. لەسەر ئاستی تەندروستیش، شارەکە لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە، پتر لە 10 رۆژە دەرمان و شیری منداڵان یەکجار کەم بوونەتەوە و دەست ناکەون. 

سەرەڕای دەنگۆی بوونی رێککەوتن و لێکگەیشتن لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا، بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆشەوە، بەڵام گەمارۆکە هێشتا بەردەوامە و تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە،هیچ ئاماژەیەکی جددی بۆ لابردنی نییە.

دانیشتووان لایانوایە ئەو سیاسەتی برسی و تینووکردنەی بەرامبەر مەدەنییەکان دەکرێت، دەچێتە خانەی تاوانی جەنگی بەرنامە بۆ داڕێژراو، کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا و گروپە لایەنگرەکانیان لە دەوروبەر و ناوخۆی شارەکە، بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، جێبەجێ دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، ئاوارەکان و دانیشتوانی کۆبانێ داوا لە دەسەڵاتە خۆجێیی و حکوومییەکان و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، بە جددی بۆ لابردنی ئەم گەمارۆیە کار بکەن و رێڕەوێکی ئارام بۆ هاتوچۆ بکەنەوە.