روانگەی سووری: خەریکە ئاو و خۆراک لە کۆبانێ تەواو دەبێت
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکیدا کە بۆ کوردستان24ـی ناردووە، رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێ بەشێوەیەکی مەترسیدار خراپ بووە، هەروەها شارەکە توانای لە خۆگرتنی ئەم شەپۆلە گەورەی ئاوارەکانی نەماوە، بەمەش دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان و ئاوارەکان نزیکە بە تەواوی نەمێنێت، لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدرێت لە کارەساتێکی تەندروستی و مرۆیی.
روانگە لەسەر زاری سەرچاوە خۆجێیەکان و شایەتحاڵەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، هەزاران ئاوارە لە کۆبانێ لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، بەدەست کەمیی خۆراک، ئاوی پاکی خواردنەوە و دەرمانەوە گرفتارن، هاوکات،بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، بەهۆی نەبوونی شیری منداڵان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان.
دانیشتوانی کۆبانێ و ئاوارەکان پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن، بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاوی پاک، زانیارییە پزیشکی و مەیدانییەکان ئاماژە بە پیسبوونی ئەم ئاوانە دەکەن بەهۆی تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆ، کە بووەتە هۆی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ.
کارمەندانی پزیشکی دەڵێن، رۆژانە نەخۆشخانەی گشتی کۆبانێ پێشوازی لە زیاتر لە 500 حاڵەتی ژەهراویبوون دەکات کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن، ئەم کەسانە تووشی رشانەوە، سکچوون و ئازاری سک بوون، سەرچاوە تەندروستییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامبوون لەسەر بەکارهێنانی ئەم ئاوە پیسە، دۆخی تەندروستی لە کۆنترۆڵ دەردەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی کۆبانێ لەکارکەوتوون، نەمانی گازوایل بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانیش یەکێکی دیکەیە لەو کیشەیە، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژووری نەشتەرگەری و بەشەکانی چاودێری چڕ هەبووە و بووەتە هۆی راگرتنی زۆرێک لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.
هەروەها، دامەزراوە تەندروستییەکان بەدەست نەبوونی دەرمانی سەرەکی و پێداویستی پزیشکییەوە گرفتارن، وەک ماددەی بێهۆشکەر و دژەزیندەییەکان، ئەمەش وایکردووە کارمەندانی پزیشکی زۆرێک لە نەشتەرگەرییەکان دوابخەن یان هەڵیوەشێننەوە، کە ژیانی نەخۆشەکان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەخاتە مەترسییەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لەوەی وەستانی فڕنەکانی کۆبانێ دەبێتە هۆی قەیرانێکی سەختی ئاسایشی خۆراک.
هەروەها کۆبانێ رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەکان بووەتەوە، بە گەیشتنی دەیان هەزار ئاوارە لە زیاتر لە 200 گوندەوە لە ماوەیەکی کورتدا، جگە لە ئاوارەکانی کەمپی تەل سەمەن و هەزاران خێزان لە شارەکانی تەبقە و رەققەوە، ئەم لێشاوە گەورەیە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی شارەکە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە.