ئیدارەی کۆبانێ: قبووڵ ناکەین ناوی شارەکە بکرێتە عەین عەرەب

ئیدارەی خۆجێیی کۆبانێ ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای بەڵێنەکانی پارێزگاری حەلەب بۆ کشانەوەی هێزەکان و هەڵگرتنی گەمارۆ، تا ئێستا دۆخەکە وەک خۆیەتی و هیچ کام لە بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون، هاوکات ڕەتیدەکەنەوە ناوی فەرمی شارەکە دەستکاری بکرێت.

ئیدارەی خۆجێیی کۆبانێ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی 5ـی ئەم مانگە لەسەر بانگهێشتی جێگری پارێزگاری حەلەب سەردانی شاری حەلەبیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، جێگری پارێزگار بەڵێنی پێداون کە هێزی سەربازی لە سنووری کۆبانێ بکشێننەوە و کۆتایی بە گەمارۆی سەر شارەکە بهێنن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە نەناوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئیدارەی کۆبانێ بە توندی ڕەخنەی لە هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ناوی شارەکە گرت و جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن ناوی کۆبانێ بگۆڕدرێت بۆ عەین عەرەب و ئەو ناوە ڕەتدەکەنەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکیدا کە بۆ کوردستان24ـی ناردووە، رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێ  بەشێوەیەکی مەترسیدار خراپ بووە، هەروەها شارەکە توانای لە خۆگرتنی ئەم شەپۆلە گەورەی ئاوارەکانی نەماوە، بەمەش دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان و ئاوارەکان نزیکە بە تەواوی نەمێنێت، لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدرێت لە کارەساتێکی تەندروستی و مرۆیی.

روانگە لەسەر زاری سەرچاوە خۆجێیەکان و شایەتحاڵەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، هەزاران ئاوارە لە کۆبانێ لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، بەدەست کەمیی خۆراک، ئاوی پاکی خواردنەوە و دەرمانەوە گرفتارن، هاوکات،بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، بەهۆی نەبوونی شیری منداڵان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان.