دەم پارتی: رۆژئاوای كوردستان هەستی نەتەوەیی گەلی کوردی بەهێزتر کردووە
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی و یەکڕیزیی گەلی کورد دروست کردووە، جەختیش لەسەر پێویستیی داننان بە شوناس و مافە کولتوورییەکانی کورد دەکاتەوە وەک بنەمایەک بۆ دادپەروەری.
یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە میانی لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی کورد، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، فاکتەرێکی سەرەکی بوون لە پتەوکردنی هەستی نەتەوەیی و گیانی یەکڕیزی لەنێو چین و توێژە جیاوازەکانی گەلی کورددا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی روونیکردەوە، کە داواکاریی سەرەکیی کورد بریتییە لە چەسپاندنی پرەنسیپەکانی یەکسانی و دادپەروەری.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەوڵەت بە فەرمی دان بە شوناسی نەتەوەیی کورد و مافە کولتووری و رۆشنبیرییەکانیاندا بنێت، وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
سەبارەت بە دەستپێشخەرییە سیاسییەکانی ناوخۆی تورکیا، باکرهان بانگەواز و لێدوانەکانی ئەم دواییەی هەریەک لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە "ئەرێنی" نرخاند.
باکرهان ستراتیژیی چارەسەرییەکانی بەستەوە بە دۆخی هەرێمایەتییەوە و رایگەیاند: "ئەگەر دۆخی سووریا بەرەو سەقامگیریی بڕوات، ئەوا بێگومان کاریگەریی ئەرێنی و راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی پرسەکان لە ناوخۆی تورکیادا دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی ستایشی هەڵوێستەکانی ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی جەهەپەی کرد لە کاتی نائارامییەکاندا و بە "زۆر ئەرێنی" وەسفی کرد.
تونجەر باکرهان ڕەخنەی لەو دەستەواژانە گرت کە بۆ پرۆسەی ئاشتی بەکار دەهێنرێن و رایگەیاند: "ئێمە ناتوانین قبووڵ بکەین ناوی ئەم قۆناغە 'تورکیای بێ تیرۆر' بێت، چونکە ئەمە دەستەواژەیەکی ئەمنییە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت ناوی پرۆسەکە 'تورکیای دیموکراسی' بێت، کە گوزارشت لە کرانەوە و ئازادی دەکات.