وەزیری بەرگریی تورکیا: هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە لە سووریا نییە

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "حورییەت"، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا دەکەن. 

گولەر جەختی کردەوە، ئێستا هیچ بڕیار و ئەجێندایەک بۆ کشانەوە لەو ناوچانە لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا و کاریگەریی ئەمە لەسەر کۆتاییهاتنی یەپەگە و پەکەکە، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ئەنقەرە پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆکان داناوە.

 ئەو گوتیشی: "هەرچەندە لە ئێستادا نیشانەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بەدی ناکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە مەترسییەکان نەماون، بۆیە لە رێکارە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبین."

رۆژنامەکە لە زاری گولەرەوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سەرەڕای بوونی زانیاری لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی یەکگرتن لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە مانەوە. مەرجی سەرەکیی تورکیا بۆ کشانەوە بریتییە لە چوونەدەرەوەی تەواوەتیی گرووپە چەکدارە بیانییەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی تەواوەتی؛ تەنیا لەو کاتەدا تورکیا خۆی بڕیاری کشانەوە دەدات.

دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بووەتە باسێکی گەرم؛ ئەمەش وای کردووە جووڵە دیپلۆماسییەکان لە نێوان رووسیا، تورکیا و سووریا چڕتر ببنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا.