ئێران ئامادەیە بە مەرج پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکاتەوە

محەممەد ئیسلامی
محەممەد ئیسلامی

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند: تاران ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی پیتێنراو کەم بکاتەوە، بەو مەرجەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێندراون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نەرمبوونی هەڵوێستی تاران هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کە ئێستا گەیشتووەتە 60%، ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە تەنیا بەستراوەتەوە بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان.

 بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی (ئێرنا)، ئیسلامی جەختی کردووەتەوە، پرۆسەی کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم کارێکی تەکنیکییە و تاران دەتوانێت ئەنجامی بدات، بەڵام چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی واشنتن دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و داراییەکان.

کەمکردنەوەی یۆرانیۆم بە واتای تێکەڵکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو دێت لەگەڵ پێکهاتەی دیکە بۆ نزمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی، ئەمەش رێگری دەکات لەوەی بەرهەمە کۆتاییەکە بگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی کە بۆ دروستکردنی چەک بەکاردێت. 

هەرچەندە ئیسلامی بە روونی دیاری نەکردووە کە مەبەستی لە هەموو سزاکانە یان تەنیا ئەو سزایانەی پەیوەستن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەوە، بەڵام ئەم لێدوانە وەک پەیامێکی سیاسیی گرنگ بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەبینرێت.

پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیە نێودەوڵەتییەکان دادەندرێت، لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018، تاران هەنگاو بە هەنگاو ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردەوە و گەیاندیە 60%، کە ئەمەش تەنیا هەنگاوێکی کەم لە ئاستی 90%ـەوە دوورە کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێت، وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام نیگەرانی خۆیان لەم هەڵکشانە دەربڕیوە، بەڵام ئێران هەمیشە سوور بووە لەسەر ئەوەی کە بەرنامەکەی بۆ مەبەستی وزە و پزیشکییە و تەنیا لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکاندا ئامادەی پاشەکشەیە.