سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گەیشتە مەسقەت

سوڵتان محەممەد نوعمانی - عەلی لاریجانی
سوڵتان محەممەد نوعمانی - عەلی لاریجانی

عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گەیشتە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عومان و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە بارەی دوایین پێشهاتی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و رێگەکانی هاوکاریی و هەماهەنگی نێوان تاران – مەسقەت تاوتوێ بکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026، لاریجانی لە یەکەم وێستگەی دیداریدا پاش گەیشتنی بە مەسقەت، لەگەڵ سوڵتان محەممەد نوعمانی وەزیری نووسینگەی سەڵتەنەی عومان کۆبووەتەوە، ئەم سەردان و دیدارانەی سەرکردەکانی ئێران و عومان لە کاتێکدایە، گەڕێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت دەستیپێکردووەتەوە و هەینیی رابردوو یەکەم قۆناخی دانوستانەکە بەڕێوە چوو.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، لاریجانی لەم سەردانەیدا لەگەڵ هەیسەم بن تارق سوڵتانی عومان و دواتر لەگەڵ بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دیدار و گفتوگۆ دەکات.

لە گەڕی نوێی دانوستانەکاندا شاندی ئێران لەلایەن عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات. لە شاندی بەرانبەردا ستیف ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای دەکات، کە هەر یەک لە جارید کۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و راوێژکاری باڵا، لەگەڵ برادلی کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بەشداری دانوستانەکانن.

دوای تەواوبوونی چەند دانوستانێکی ناڕاستەوخۆ، هەینی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی "گفتوگۆکان باش بوون". ئاماژەیدا، کە لە کەشێکی ئارامدا دانوستانەکان بەڕێوەچوون و لێکتێگەیشتنیان هەبووە لەسەر ئەوەی درێژە بە دانوستان و زمانی دیپلۆماسی بدەن. 

ئاشکراشیکرد، هەرچەندە کۆکبوون لەوەی گەڕی دیکەی دانوستان بەڕێوە ببەن، بەڵام پێویستە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی بڕیار لە میکانیزمی درێژەدان بە دانوستان و ناوەرۆکی بابەتەکان بدەن.

لەلایەن خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، دانوستانەکان زۆر باش بوون و ئێران خوازیاری رێککەوتنە. 

بە گوتەی ترەمپ دەبێت ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە شاندی هەردوو وڵات (ئێران و ئەمریکا) دانوستان بکەنەوە، هاوکات هۆشدارییداوە، رێکنەکەوتن ئەنجامی زۆر خراپی دەبێت.