ھەرێمی سلێمانی – کەرکووک.. دوو رووی دراوێکی ژەنگاوی

تاکتیکی سەقەتی ھەندێ حزبی بە ناو کوردستانی، بۆ بەدەستھێنانی چنگێک دەنگی چڵکنی ناو سندووقە خوێناوییەکان لە رابردوودا، ئاوێکی رشتووە کە کۆمەڵە ھەرزەسیاسییەک ھەر قاچوقولی تێھەڵدەسوون، بوونەتە ئەو کەرەدێزەیەی حەزیان لە تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنەکەیانە.

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

ویلی برانت ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا دەڵێت: ئەو شتانەی بەیەکەوە پەیوەستن، بەیەکەوە گەشە دەکەن.

لەوانەیە برانت ئەم دێڕەی بۆ ھەردوو دیوی دیواری بەرلین وتبێت، بەڵام دەقاودەق بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستان، نەخشی سەر بەردە.

سلێمانی لەوانەیە ببێتە پاڵپشتێکی ئابووری -سیاسی بۆ سنە، بەڵام بۆ تاران شارێکی نامۆیە.

زاخۆ دەبێتە فریادڕەس بۆ جزیرە، بەڵام بۆ ئەنکارا تەنیا دەریچەیەکی بەرژەوەندییە.

خانەقین و قەسری شیرین لەیەک باش حاڵی دەبن.

قامیشلی و نوسێبین، ھەریەک شاری دوو وڵاتی جودان، بەڵام ھێڵێکی سەر نەخشە لەیەکتریان جیا دەکاتەوە.

سلێمانی، ھەولێر، کەرکووك و دھۆکیش چوار ستوونی ھەرێمێکن بە ناوی کوردستان.

چەندین ساڵە سازی ناسازی جیاکردنەوەی سلێمانی لەم ھەرێمە دەژەنرێت. خەونێکی نەزۆک لە ئاوەزێکی نەخۆشەوە ھەڵقوڵاو، بووە بنێشتەخۆشەی سەرزاری کۆمەڵێ مناڵەورتکەی گۆشکراو بە شیری دووبەرەکی و ڕق.

تا ئێستاش بەردەوامە...

ھەمان بیرکردنەوە، بەڵام لە کەللـەیەکی عەرەبی - تورکمانی، بە دنەدانی ھاوپۆلانی قوتابیە قۆپیەچیە کۆڵەوارەکانی ھەرێمی سلێمانی، ئاوازی دامەزراندنی ھەرێمی کەرکووك، بە گەروویەکی قرخن دەچڕن.

ئێمەو ئەوانیش دەزانین مامۆستاکانیان گەر بۆیان بلوایە، سەردەمانێک بوو ئەم تیۆریە بۆگەنەیان کردبووە راستییەکی ھەستپێکراو. دەشزانن کێ بەم جوداخوازی و شەقکردنەی کوردستان قەڵسە. باشیش دەزانن ئاسەوارە کارەساتبارەکانی ئەم کردارانەیان چیە. بەڵام...

تاکتیکی سەقەتی ھەندێ حزبی بە ناو کوردستانی، بۆ بەدەستھێنانی چنگێک دەنگی چڵکنی ناو سندووقە خوێناوییەکان لە رابردوودا، ئاوێکی رشتووە کە کۆمەڵە ھەرزەسیاسییەک ھەر قاچوقولی تێھەڵدەسوون، بوونەتە ئەو کەرەدێزەیەی حەزیان لە تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنەکەیانە.

 کوردستان یەک خاکە، لە ئارانەکانی کەرکووك بێت یا لە زۆزانەکانی دێرسیم، زستان تێدەپەڕێ و رووڕەشی بۆ خەڵووز دەمێنێتەوە.