والی ئەنبار بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە دەستگیر کرا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکدا، جگە لە دەستگیرکردنی "والی ئەنبار"، تۆڕێکی تیرۆریستیی بەرپرس لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵوەشاندەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، وردەکاریی پرۆسەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار خستە روو، کە تێیدا گورزێکی کوشندە بەر پاشماوەکانی تیرۆریستان کەوتووە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لەراگەیەنراوەکەدا رایگەیاند: "دوای هەوڵێکی هەواڵگریی چڕوپڕ کە زیاتر لە ساڵێکی تەواوی خایاند، هێزەکانمان توانییان شانەیەکی تیرۆریستیی ئاڵۆز و مەترسیدار لە پارێزگای ئەنبار هەڵبوەشێننەوە."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی یەکێک لە داواکراوە هەرە مەترسیدارەکان بە ناوی "ئەبو ئەیمەن راوی"، کە پۆستی بە ناو "والی ئەنبار"ـی لە نێو رێکخراوەکەدا بەڕێوە بردووە.
هاوکات روونی کردەوە: "تیرۆریستی ناوبراو لە کاتێکدا دەستگیر کراوە کە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی خۆکوژی، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پلانەکەی کەوتە داوی هێزەکانمانەوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ والییە دەستگیرکراوەکەدا، سەرەداوی گرنگیان بە دەستەوە داوە بۆ گەیشتن بە ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە.
ئەرشەد حاکم گوتی: "بەدواداچوونەکان رێخۆشکەر بوون بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریستی دیکە، کە لەنێویاندا بەرپرسانی گواستنەوە و پشتیوانیی لۆجستی هەن، هەروەها ئەو کەسانەی سەرپەرشتیی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو (درۆن) و بەڕێوەبردنی دۆسیەی چەکی کیمیاییان لەنێو ئەو کیانە تیرۆریستییەدا کردووە."
سەبارەت بە چارەنووسی سەرکردە مەیدانییەکانی دیکەی ئەو شانەیە، گوتەبێژەکە رایگەیاند: کە کۆتایی بە هەڕەشەی بەناو "بەرپرسی ئەمنیی ئەنبار" هێنراوە.
دەشڵێت: "دوای ئەوەی شوێنی حەوانەوە (مۆڵگە)ـی بەرپرسی ئەمنیی تیرۆریستان و دوو لە هاوەڵەکانی گەمارۆ درا و ڕێگەی دەربازبوونیان لێ گیرا، تیرۆریستان ناچار بوون خۆیان بتەقێننەوە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا پەیامێکی دڵنیایی دا و جەختی کردەوە: "کاتێک کاری هەواڵگری بە بێدەنگی و وردبینییەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەنجامەکەی پووچەڵکردنەوە و لەباربردنی هەر پیلانێک دەبێت پێش ئەوەی تیرۆریستان بتوانن جێبەجێی بکەن."