عەزیز ئەحمەد: لە رێگەی ئی-پسوولەوە کۆتایی بە نۆرەگرتن بۆ پارەی کارەبا دێت

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت رایدەگەیەنێت، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی پلاتفۆرمی ئی-پسوولە خرایە کار، کە چیتر هاووڵاتییان بۆ دانی کرێی کارەبا پێویستیان بە نۆرەگرتن و کاغەز نابێت و لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە لە چەند خولەکێکدا کارەکانیان رایی دەکەن.

سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلاتفۆرمی ئی-پسوولەی وەک سیستەمی فەرمیی بۆ پارەدان خستەکار.

عەزیز ئەحمەد راشیگەیاند، هاووڵاتییان و خاوەن کاران لەماوەی چەند خولەکێکدا دەتوانن پارەی کارەبا بدەن، بەبێ ئەوەی نۆرە بگرن، ئەوەش لە رێگەی بانکە هاوبەشەکان و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانەوە.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، چیتر پێویست بە نۆرەگرتن و مامەڵەی کاغەز ناکات و پرۆسەکە ئاسان و پارێزراوە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق (CBI)ـەوە پەسەند کراوە و سوپاسی ئەو تیمەشی کردووە کە لە پشت سەرخستنی ئەم پرۆژەیەوە بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەران و خاوەنکاران و بەڕێوەبەر و نوێنەرانی بانکەکان، لە رێورەسمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی (ئی پسوولە) راگەیەنرا.