هۆشیار زێباری: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەی ریازدا رۆڵی پێشمەرگە و هەسەدەی فەرامۆش کرد
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رەخنەی توند لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەگرێت کە لە شاری ریاز بەڕێوەچوو.
سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ریاز، کە بە بەشداریی سووریا بەڕێوەچوو، بە تەواوی فەرامۆشی کردووە ئاماژە بەو ڕۆڵە سەرەکییەی هێزەکانی پێشمەرگە لە عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا گێڕاویانە لە شەڕی تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بدەن.
بيان اجتماع التحالف الدولي لمحاربة داعش مؤخرا في الرياض و بمشاركة سوريا الجديدة خلى تماما من اية إشارة إلى الدور المحوري الذي قامت بها قوات الپيشمه رگة في العراق قسد الكردية في سوريا بدعم التحالف الدولي لدحر التنظيم. علما بان وزارة الخارجية العراقية كانت ممثلة بوكيل في الاجتماع.
— Hoshyar Zebari (@HoshyarZebari) February 10, 2026
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێزانە بە پاڵپشتیی راستەوخۆی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین، قوربانییەکی گەورەیان داوە بۆ تێکشکاندنی داعش، بەڵام لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هیچ ئاماژەیەکیان پێ نەکراوە.
هۆشیار زێباری نیگەرانی خۆی لەوەش دەربڕیوە کە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێگەی بریکارێکی وەزارەتەوە لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بووە، بەڵام راگەیەندراوەکە بەبێ ناوهێنانی رۆڵی پێشمەرگە و کورد دەرچووە.