چۆن سوودمەند دەبیت لە وەرگرتنی داشکاندنی e-Psûle بۆ پسوولەکانی رووناکی؟
لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکانە بۆ هاووڵاتییان هەر ماڵێک لە رێگەی خزمەتگوزاری "e-Psûle"وە پارەی کارەبا بدات، بڕی 20%ی ئەو پارەیەی داویەتی وەک داشکاندن بۆ پسوولەی داهاتووی بۆ دەگەڕێتەوە.
پرۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەشی داوە، ئەم دەرفەتە لە ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 12ـی ئاداری 2026 بەردەوام دەبێت (بۆ ماوەی 30 رۆژ). داشکاندنەکە هەموو جۆرە پارەدانێکی ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە، چ بۆ پسوولە نوێیەکانی پڕۆژەی رووناکی بێت، یان بۆ پاکتاوکردنی قەرزە کۆنەکانی کارەبا کە لەسەر هاووڵاتییان ماوەتەوە.
ئەو بڕە پارەیەی کە وەک داشکاندن 20% دیاری کراوە، لە پسوولەی مانگی داهاتووی بەشداربووان دەبڕدرێت. بۆ نموونە: ئەگەر ماڵێک لەم ماوەیەدا بڕی 200 هەزار دینار لە رێگەی "e-Psûle" بدات، ئەوا 40 هەزار دینار وەک داشکاندن بۆ پسوولەی داهاتووی بۆ هەژمار دەکرێت.
تەنانەت ئەگەر بڕی پسوولەی مانگی داهاتووی ئەو ماڵە کەمتر بێت لەو 40 هەزار دینارەی کە بۆی گەڕاوەتەوە، ئەوا کۆی پسوولەکەی دەبێتە (0) دینار و هیچ بڕە پارەیەک نادات.
ئەم هەنگاوەی پڕۆژەی رووناکی و e-Psûle لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکانە بۆ هاووڵاتییان تاوەکو لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە بە ئاسانی و بە تێچوویەکی کەمتر مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەران و خاوەنکاران و بەڕێوەبەر و نوێنەرانی بانکەکان، لە رێورەسمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی (ئی پسوولە) راگەیەنرا.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری پانێڵێکی کرد لە رێوڕسمەکەدا و گوتی: لەمڕۆوە 30 ڕۆژی هەیە كە بەشدار بێت و داشكاندنێكی 20% بۆ ئەوەی یارمەتیی هاووڵاتیان بدەین بە تایبەتی لەبەر بارودۆخی سەختی زستان و كارەباكە كە لە هەموو شوێنێك نەبووە، هەر كەسێك ئامادە بێت ئی پسوولە بەكار بهێنێت، من داوا دەكەم لە حكوومەت كە داشكاندنێكی 20%یان بۆ بكەن لە نرخی داهاتوویان كە ئەم مانگە دێتەوە