16 کەس لە هۆڵەندا بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ داعش دەستگیرکران

(وێنە؛ پۆلیسی هۆڵەندا)
(وێنە؛ پۆلیسی هۆڵەندا)

دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا رایانگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراواندا، 16 کەسیان بە تۆمەتی پەرەپێدانی هزری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی هۆڵەندا، پۆلیس دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، لە مانگی ئابی 2025ەوە، دەستیپێکردبوو، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە. تۆمەتبارەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 53 ساڵدایە. لە کۆی دەستگیرکراوەکان، 13یان خەڵکی سووریان و 3 کەسی دیکەیان هەڵگری رەگەزنامەی هۆڵەندین، کە چوار لە تۆمەتبارەکان منداڵی تەمەن خوار یاسایین.

داواکاری گشتیی هۆڵەندا ئاشکرای کرد، تۆمەتبارەکان پڕوپاگەندەی داعشیان بە زمانی هۆڵەندی وەرگێڕاوە و بڵاویان کردووەتەوە، تێیدا بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە شەڕ و شکۆمەندکردنی "شەهیدبوون" کراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، تەنیا هەندێک لە پۆستەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیک تۆک" زیاتر لە 100 هەزار بینەریان هەبووە.

دەزگای داواکاری گشتی رایگەیاندووە؛ گومانیان لێدەکرێت لە "هاندانی تیرۆر، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و بەشداریکردن لە رێکخراوێکی تیرۆریستی". هەروەها جەختیان کردەوە؛ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی داعش تاوانێکی سزادراوە و ئاسایشی گشتی تێکدەدات.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەکە دەستگیرکرابوو، بەوەش کۆی ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتە 16 کەس و دەسەڵاتدارانیش رایانگەیاندووە؛ ئەم هەڵمەتە بەردەوامە بۆ دەستگیریکردنی هەموو ئەوانەی پەیەندییان بەو رێکخراوەوە هەیە و یاخود پەیوەندییان پێوە دەکەن.