ئەمریکا پێگەی سەربازییەکانی لە کەنداو زیاد دەکات

گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێک، هەردوولا ئامادەکاری تەواوی سەربازی و لۆجستییان بۆ هەر ئەگەرێک دەستپێکردووە.

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد، زیادبوونی جووڵەی سەربازی ئەمریکای لە قەتەر، سعوودیە، عومان و ئوردن پشتڕاستکردووەتەوە.

بەگوێرەی وێنەکانی مانگی دەستکرد، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی عودەید لە قەتەر، کە بە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەندرێت، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە، مووشەکی لە نێو سەکۆی تەقاندنی جووڵاو جێگیرکردووە.

رۆیتەرز روونیکردووەتەوە، ئەمریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی لە نێو بارهەڵگری گەڕۆک داناوە و ئێستا دژە مووشەکەکان شوێنێکی جێگیرییان لە بنکەی سەربازی عودەید نییە، بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، ئەم جۆرە تەکنیکە، خێراییەکی زۆر بۆ بڵاوەپێکردن یاخود جووڵانی خێرای لە ئەگەری هێرشی مووشەکی ئێران بە هێزەکانی ئەمریکا دەدات.

لە ماوەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردووە، ئەمەش بەهۆی مکوڕبوونی ئێران لەسەر بەردەوامبوونی بەرنامەی ئەتۆم و مووشەکی بالیستی، هەروەها پاڵپشتیکردنی گروپی جیاواز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.

ئەمریکا چەندین بنکەی سەربازی دیکەی لە عێراق، ئوردن، کوەیت، سعوودیە، بەحرەین، ئیمارات، عومان، قەتەر و تورکیا هەیە، ئەمە جیا لە بنکەیەکی گەورە لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی.

سوپای پاسداران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ، هۆشدارییەکی تووندی بە واشنتن داوە و چەندینجار رایگەیاندووە، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، هێزەکانیان هێرشدەکەنە سەر تەواوی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

پێگەی کۆنتێستد گراوند، تایبەت بە شیکردنەوەی وێنەکانی مانگی دەستکرد بڵاویکردووەتەوە، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان وێنەکانی دەستپێکی ئەمساڵ و دەستپێکی مانگی شوباتدا هەیە، ئێستا ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی جەنگی لە بنکەکانی ئەمریکا جێگیرکراون، جیا لە زیادبوونی کەلوپەلی سەربازی لە تەواوی بنکەکانی ئەمریکا ناوچەکە.

کۆنتێستد گراوند روونیکردووەتەوە، ئەمریکا مووشەکی پاتریۆتی لە بنکەی عودەید لەسەر بارهەڵگری تەکتیکی قورس لە جۆری HEMTT M983 جێگیرکردووە، کە توانایەکی بەرزی لە جووڵەی خێرا هەیە.

ئێران لە زاری چەندین بەرپرسی سەربازییەوە دووپاتیکردووەتەوە، هێزەکانیان لە دوای شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، کۆگاکانی پڕ لە مووشەک کردووەتەوە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئامادەیە.

ئێران چەندین بنکەی گەورەی مووشەکی ژێر زەوی لە نزیک تاران، کرمانشان، سەمنان و نزیک کەناری کەنداو هەیە.

گۆڕانکارییە سەربازییەکان لە چاوی مانگی دەستکردەوە بەگوێرەی بنکەکانی سەربازی.

بنکەی عودەید – قەتەر:

بەگوێرەی وێنەیەکی 1ـی شوبات، فڕۆکەیەکی چاودێری لە جۆری RC-135، سێ فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری C-130 هێرکولیس، 18 فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە جۆری KC-135 ستراتۆتانکەر، حەوت فڕۆکەی جۆری C-17.

بەراورد بە وێنەکانی 17ی کانوونی یەکەم، تەنیا 14 فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی و دوو فڕۆکەی C-17 لە بنکەی عودەید بوون.

لە ماوەی مانگێکدا، نزیکەی 10 سیستمی بەرگری ئاسمانی لە جۆری پاتریۆت MIM-104 گواستراونەتەوە بنکەکە.

بنکەی سەربازی موەفەق - ئوردن: 

چەند وێنەیەکی مانگی دەستکرد لە 2ی شوبات دەست رۆیتەرز کەوتوون، تیادا 17 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری F-15E، هەشت فڕۆکەی هێرشبەری لە جۆری A-10 سەندەربۆڵت، چوار فڕۆکەی جۆری C-130، چوار هێلیکۆپتەر لە بنکەکە جێگیرکراون، بەڵام بەگوێرەی وێنەکانی 16ی کانوونی دووەمی رابردوو، ژمارەی فڕۆکە و کەلوپەلی سەربازی زۆر کەمتربوو.

لە بەشێکی دیکەی بنکەی سەربازی موەفەق، فڕۆکەی جۆری C-17 و C-130 لەگەڵ چوار فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی EA-18G جێگیرکراون، بەراورد بە وێنەکانی 25ی کانوونی دووەم، هیچ فڕۆکەیەکی لەمجۆرە لە بنکەکە نەبووە.

بنکەکانی دیکە

جووڵەی زۆر لە بنکەی میر سوڵتان لە سعوودیە بەدیکراوە، چەند فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری C-5 گالاکسی و C-17 جێگیرکراون.

لە بنکەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی، بەراورد بە وێنەکانی مانگی دەستکرد لە 31ی یەنایەر/کانوونی دووەمی رابردوو، ئەمریکا حەوت فڕۆکەی جەنگی زیاتری لە بنکەکە زیادکردووە.

ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازی لە بنکەی سەربازی دوقم لە عومان زیادکردووە، کە بەراورد بە وێنەکانی مانگی یەنایەر/کانوونی دووەم، زیاتربووە.

بنکەی عودەید – قەتەر

بنکەی سەربازی موەفەق - ئوردن
میر سوڵتان - سعوودیە

سیستمی پاتریۆت - عودەید قەتەڕ