وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی توندی هاکان فیدان دەداتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و رایگەیاند؛ ئەو جۆرە لێدوانانە بە "سوکایەتی" بۆ سەر پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات و "دەستێوەردانێکی ئاشکرا" لە کاروباری ناوخۆی عێراق دادەنرێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، عێراق جەخت دەکاتەوە، "دۆسیەی شنگال پرسێکی تەواو نیشتمانییە" و رێگە نادرێت هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستێوەردانی تێدا بکات.
لە لایەکی دیکەوە و لە کاردانەوەی ئەم گرژییە دیپلۆماسییەدا، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، لێدوانەکانی هاکان فیدان "بە وردی وەرگێڕانی بۆ نەکراوە"، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لێک تێگەیشتنی هەڵە لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا.
باڵیۆزی تورکیا جەختی لە رێزگرتنی وڵاتەکەی بۆ سەروەری عێراق کردەوە و بەڵێنیدا نیگەرانییەکانی بەغداد بگەیەنێتە سەرکردایەتی تورکیا، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دراوسێ و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
ئەم هەنگاوە دوای لێدوانە میدیاییەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا هات لە 9ـی شوبات لە کەناڵی (CNN Turk) بڵاوکرابوونەوە.