وەزارەتی دادی عێراق: لە گرتووخانەی حوت 10 تاوانبار لە سێدارە دراون

گووتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، لە بارەی لە سێدارەدانی 10 تاوانبار لە گرتووخانەی ناوەندی ناسڕیە لە پارێزگای زیقار کە بە (حوت) ناسراوە، بەکوردستان24ی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە نزیکەیی 10 تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجی کراوە.

چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، ئەحمەد لعێبی، گووتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە نزیکەیی 10 تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجی کراوە، لە نێویشیاندا سەعدون سەبری قەیسی هەبووە کە یەکێک لە تاوانبارانی کوشتنی محەممەد باقر سەدرە، کەسایەتیی ناوداری شیعەی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی سزای لەسێدارەدان، لە ماوەی پێشوتردا راپۆرتێکی لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە،کە نزیکەی 8 هەزار زیندانیی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. 

لە ماوەی یەک دوو ساڵی رابردوودا چەندین جار سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە عێراق جێبەجێکراوە.

دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2005ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی ئەم سزایە کردووەتەوە، بە گوێرەی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 145 کەس لەسێدارەدراون.