نه پێمان چاك ده‌كرێ و نه پێمان ده‌ڕووخێنرێت!
هه‌موو ساڵێك، چه‌ندین كه‌س ده‌درێت به كوشت، چه‌ندین باره‌گا و فه‌رمانگه ده‌سووتێنرێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌د كه‌س له هه‌ولێر و شه‌ست كه‌سیش له به‌غداد بگه‌نه په‌رله‌مان. له وڵاتانی خوداپێداو، هه‌ڵبژاردن به‌م گه‌مانه ده‌ست پێ ناكه‌ن. تۆ تا ئیشێكی باشتر و مه‌زنتر له‌وی دی نه‌كه‌یت، نا‌توانیت تێی په‌ڕێنیت.
له كوردستان هه‌موو ئه‌وانه‌ی به شێوه‌یه‌كی فه‌یك و نمایشیی، نوێنه‌رایه‌تی هه‌ژارانی هه‌رێمه‌كه ده‌كه‌ن، هیچ یه‌كێكیان خۆیان هه‌ژار نین. پاره و مووچه‌ی باشیان هه‌یه، ماشینی گرانبه‌ها لێ ده‌خوڕن، سفره‌یان چه‌وره و سه‌فره‌ی پێنج ئه‌ستێره و عه‌مره‌ی ڕیاكارییش ده‌كه‌ن.
ئه‌وانه‌ی به تانه‌لێدان و جنێودان به گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، زۆرترن له‌وانه‌ی كه به خودی گه‌نده‌ڵییه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. سه‌دان كه‌س حكومه‌تی هه‌رێمی پێ خراپه و له هه‌وڵی سۆماڵیزه‌كردن وسوریزه‌كردن و یه‌مه‌نیزه‌كردنی ئه‌م وڵاته‌یه و پێی وێران و خراپ و گه‌نده‌ڵ و هه‌ژار و سه‌دان شتی تره، كه‌چی هه‌ر ئه‌م وڵاته و هه‌ر ئه‌م دۆخه ئه‌وی كرده ملیۆنه‌ر و ملیاردێر.
دوو كه‌س كه یه‌كه‌میان دكتۆرای هه‌یه و ئه‌وی تریان ده‌مێكی دڕا‌و، خه‌ڵك ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ڵده‌بژێرێت. كه پێیشی ده‌ڵێیت هه‌ڵه‌یت، پڕ به په‌یجێك جنێوت پێ ده‌دات. لێره تاوه‌كو حه‌زی ڕووخاندن و كاولكاری و خۆپیشاندان و تێكشكاندنت نه‌بێت، دكتۆرات له ده‌ماغدا هه‌بێت، قه‌بووڵكراو نابیت. هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی له جوگرافیایه‌كی دیاریكراودا په‌سن ده‌درێن، ئه‌وانه‌ن كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ی هه‌یه تێكی بده‌ن و بیڕووخێنن. گۆرانیبێژێك كه ده‌نگیشی ئه‌وه‌نده خۆش و لایق به ناوبانگه‌كه‌ی نییه، خه‌ڵكی هان ده‌دا گڵۆپی زیاده دابگیرسێنن بۆ اێوه‌ی حكومه‌تی پێ بڕووخێت، كه‌س پێی نه‌وت: ده ده‌مت داخه و لاژه لاژ مه‌كه، ئه‌مه شته‌كی هه‌ڵه‌یه. ئێ شۆڕشگێڕه سورییه‌كانیس هه‌مان باوه‌ڕیان هه‌بوو بۆیه گه‌شتن به‌و ڕۆژه‌ی كه‌س حه‌سوودی به ژیانیان نابات!
ئێمه به پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌واڵگریدا براوین، نه خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییمان شتی پێ چاك ده‌كرێت، نه بێ ده‌نگیشمان كه‌ڵكی هه‌یه. ناچارم بڵێم: ئه‌م وڵاته به بێ ده‌نگی و گه‌نده‌ڵییه‌كه‌یه‌وه جوانتره تا به جنوون و هه‌یه‌جانه ته‌خریبییه‌كه‌یه‌وه. ئێ توخوا ئه‌وه شۆڕش بوو سورییه‌كان كردیان؟ ئێستا ژماره‌ی ئه‌و سورییانه‌ی ئاواره و په‌ڕاگه‌نده‌ی وڵاتانن، له ژماره‌ی ئه‌و سوریانه زۆرتره كه له نیشتمانی خۆیاندان.
جاری تریش وتم، ئه‌م وڵاته دابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ره‌یه‌كیان جنێو ده‌دا و به‌ره‌یه‌كیشیان جنێوی پێ ئه‌درێت. كه‌سانێك مووچه‌یان دوا بكه‌وێت، ئه‌چن جاده له كه‌سانێك ده‌گرن كه مووچه‌یشیان نییه تا دوابكه‌وێت. جا له هه‌ر شوێنێك هه‌موو كه‌س حه‌ق به خۆی بدات، قازییه‌كی باش نادۆزرێته‌وه. هه‌میشه دادگه‌ری له‌و شوێنانه بزر بووه كه دوو كه‌س به یه‌ك ئه‌ندازه بانگه‌شه‌ی حه‌قی خۆیان بكه‌ن. جا بهێنه پێش چاوت، لێره شه‌ش ملیۆن كه‌س خۆی پێ حه‌ق بێت؟!
تۆ چه‌نده‌ش خراپ و زیانه‌وه‌ر و ته‌نانه‌ت كوشنده و بێ ئه‌ده‌بیش بیت، به‌س به باشی و به خه‌ستی ڕقت له پارتی بێت، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌رێكت هه‌بێت له ده‌ستی ناده‌یت. ئه‌گه‌ر شوێنكه‌وته و ئه‌تباع و ده‌روێشت هه‌بێت، هه‌ر ده‌تمێنێ و كه‌س دژبه‌ریت ناكات. ئه‌مه خراپترین دیارده‌یه كه نیوه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕێنرێت، ده‌زانم ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی تێكدراو له ژێر ئه‌م نووسینه‌دا جوێنم پێ ده‌دات، به‌ڵام "هه‌ر كه‌سێك نادان نه‌بێ، خۆی تالبی مه‌عنا ده‌كات!".