شاندی ئیمراڵی و سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە

شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە بە شاندی ئیمراڵیش ناسراوە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا پێشوازیی لە شاندەکەی دەم پارتی کرد، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار. هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەفکان عەلا جێگری، سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) ئامادەبوون.

ئەندامانی شاندی دەم پارتی بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، لێدوانێکی کورتیان دا و پەروین بوڵدان، کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاشە ئاماژەی دا، ئەمە پێنجەمین سەردانیانە بۆ لای سەرۆککۆمار و گوتی: "ئێستا پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی دیاریکراو، چونکە ئەرکی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چووەتە قۆناغی نووسینەوەی راپۆرت."

گوتیشی: لە راستیدا رای گشتی چاوەڕوانە بزانێت پرۆسەی ئاشتی چۆن بەرەوپێش دەچێت، چونکە ئێمە ئەجێندای گرنگمان هەیە بۆ کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆککۆمار، دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراومان دەبێت.

هەروەها میحات سانجار گوتی " هەرچەندە کارەکانی نووسینەوەی راپۆرتی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا لە کۆتایی نزیکبووەتەوە، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکانماندا هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا پێشهاتی نوێ هەبوون، بۆیە لەم کۆبوونەیەدا لەگەڵ سەرۆککۆمار باسی هەموو پێشهاتەکان دەکەین.

راشیگەیاند، لەم دیدارەیاندا پێشنیازەکانیان پێشکەشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن.

چوار کۆبوونەوەی نێوان شاندی دەم پارتی – ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 30ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو.