رووسیا وەک هاوکاری مرۆیی نەوت دەنێرێتە کوبا
رۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی رووسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردەوە، کە حکوومەتی مۆسکۆ بەم زوانە بڕێکی زۆر لە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان وەک "هاوکاری مرۆیی" رەوانەی کوبا دەکات، ئەم هەنگاوەی رووسیا لە کاتێکدایە کە وڵاتی کوبا بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکاوە، رووبەڕووی کورتهێنانێکی توندی سووتەمەنی بووەتەوە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لە باڵیۆزخانەی رووسیا لە کوبا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، "تا ئەو شوێنەی ئاگادار بین، رووسیا لە ئایندەیەکی نزیکدا نەوت و پێداویستییە نەوتییەکان وەک هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی کوبا دەکات."
هۆکارەکانی قەیرانەکە
ئێستا کوبا بەدەست خراپترین قەیرانی وزەوە گرفتارە، ئەمەش دوای ئەوەی ڤەنزوێلا لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکادا، ناردنی نەوتی بۆ ئەو وڵاتە راگرت، هاوکات واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای گومرگی توندی کردووە بەسەر هەر وڵاتێکدا کە نەوت بە کوبا بفرۆشێت.
دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵدا و راگرتنی گواستنەوەی نەوت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد، کە تێیدا هاتووە ئەمریکا سزای گومرگی دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی نەوت بۆ هاڤانا دابین دەکەن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، مەکسیکیش، کە لە ساڵی 2023ـەوە نەوتی بۆ کوبا دابین دەکرد، ناردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە رادەگرێت.
رێکارە نائاساییەکان لە کوبا
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، حکوومەتی کوبا زنجیرەیەک رێکاری نائاسایی راگەیاندووە، لەوانە:
-کەمکردنەوەی ڕۆژانی کارکردن بۆ 4 ڕۆژ لە هەفتەیەکدا.
- پەیڕەوکردنی سیستەمی کارکردن لە دوورەوە (Online) بۆ فەرمانگە حکوومییەکان و کۆمپانیاکانی دەوڵەت.
- دانانی سنوور و کۆتوبەند بۆ فرۆشتنی سووتەمەنی بە هاووڵاتیان.
لە لایەکی دیکەوە، قەیرانەکە کاریگەری کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاری و گواستنەوەی ئاسمانی، بە جۆرێک لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ کوبا هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی پێویست بۆ فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەدا.