داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كرێت پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان بێت

به‌غدا هیچ بیانوویه‌كی نه‌ماوه‌ بۆ نه‌ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم

كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌ به‌غدا
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌ به‌غدا

K24- هه‌ولێر:

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەغدا هیچ بیانوویه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، تا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم نەنێرێت، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵیت: بانگەشەی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسیەکان و  پەرلەمانی عێراق و هەندێك وڵاتی ناوچه‌كه‌ هۆکارن بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاستەنگ بۆ رێککەوتنەکەی هەردوو حکومەت دروست بکات.

له‌كاتێكدا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە گەشتوونەتە رێککەوتن و ھەرێمی كوردستان ئاماددەیی دەربڕیوە، بۆ ئەوەی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی جێبەجێ بکات، شێروان دووبه‌ردانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ بیانوویه‌كی به‌ده‌ست حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناردنی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان سڵ بكاته‌وه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان بێت.

هاوكات زێدان برادۆستی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌ڵێت: هۆكارگه‌لێك هه‌ن بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، کەبەشێکی زۆری فراکسیۆنەکان رێگرن لە جێبەجێگردنی رێککەوتنەکان بەشێك لە هۆکارەکان پەیوەندی نزیكبوونەوی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقه‌، به‌شێكی دیكه‌ش په‌یڕه‌وی ئەجێندای دەرەکین، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هه‌روه‌ها ململانێی مه‌زهه‌بی له‌ناو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانیش هۆكارێكی دیكه‌یه‌، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی زیاتر هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و ئالنگارییانه‌ ببێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبوونی خۆی به‌ هه‌موو مه‌رجه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ نیشانداوه‌، به‌ڵام دڵنیاین له‌وه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌وڵ بۆ دروستكردنی گرفت له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌درێت.

حكومەتی عێراق دوو مەبەستی لە تەگەرە خستنە بەردەم رێکكەوتنەکان ھەیە، ئەویش رێگری كردنه‌ لە پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان لە ئاوەدانکردنەوە، مەبەستێکی دیکەشی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لاواز بکات.

H.B

 

Fly Erbil Advertisment