مەلا بەختیار: بافڵ تاڵەبانیم وەک سەرۆکی یەکێتی قبوڵ نییە

مەلا بەختیار، سیاسەتمداری دیاری کورد لە بەرنامەیەکی تایبەتی کوردستان24دا، پەردە لەسەر کۆمەڵێک پرس هەڵدەداتەوە؛ لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و کاندیدکردنی نوری مالیکی، تاوەکو رەخنەگرتن لە سەرۆکایەتی ئێستای یەکێتی و روونکردنەوە لەبارەی بڕوانامەکەی، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر کورد یەکدەنگ نەبێت، مەترسی گەورە لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان هەیە.

کوردستان24: گرێکوێرەی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق چۆن دەکرێتەوە؟ ئایا دوایین هەڵوێستەکانی لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان بۆ ئەم پرسە هەستیارە چییە؟ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانرێ بگوترێ گەیشتووەتە بنبەست یان نا؟ سەرەتاکانی چارەسەرکردنی تەنگەژە سیاسییەکان هێواش هێواش دەرکەوتوون؟ هاوکات باسی چارەنووسی دۆزی کورد و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم و دەپرسم ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان روویدا شکست بوو بۆ کورد یان نا؟ دەپرسین لەم قۆناخەدا بۆچی گرنگە کورد یەک گوتاری سیاسی هەبێت؟ کۆی ئەم تەوەرانە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ زۆر بەڕێز مەلا بەختیار، سیاسەتمدار لە بەرنامەی باسی رۆژ تاوتوێ دەکەین.

 با لە کۆبوونەوەی ئەوڕۆی پارتی و یەکێتی دەستپێبکەم، زۆر پرسم هەیە لەگەڵ بەڕێزت ئەمشەو گفتوگۆی لەسەر بکەین بەڵام بە لەنێوخۆوە دەستپێبکەم. ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی بۆ گەڕی دووەم لە ئاستی باڵا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بگەن بە خاڵی رێککەوتن نەک لێکگەیشتن، هیچ زانیاریت هەیە بزانین گەیشتوونەتە چی؟

مەلا بەختیار: بەڵێ زانیاریم هەیە، رێگەم بدەن لەمەوە دەستپێبکەم کە لەو کاتەی رێکلاممان بۆ ئەم چاوپێکەوتنە کردووە، کۆمەڵێک پرسیار لە من کراوە کە من بۆچی لە کەناڵەکانی لەژێر سایەی پارتی ئەم چاوپێکەوتنەشم کرد؟ وەڵامی من ئەوەیە: من هیچ کەناڵێک بە شانەی حزبی نازانم، من بە کەناڵی میدیایی نەتەوەی کوردیان دەزانم.

هەموو کەناڵەکان، هی یەکێتی، پارتی، حزبی شیوعی، سۆسیالیست، ئەمانە راستە تەموویلەکەیان لەلایەن پارتییەوەیە و لێرە و لەوێ بە گوێرەی ستراتیژی پارتی قسە بکەن، بەڵام من بۆ خۆم بە میدیای نەتەوەیی دەیانبینم، چونکە ئەم کەناڵانە بە زەروورەت کارێکی میدیایی دەکەن نەک حزبی. خاڵی دووەم، من دوایین چاوپێکەوتنم من زۆر ئازاردا لە کوردسات کردم، بەداخەوە بڵاویان نەکردەوە، لەسەر گەندەڵی قسەم کردبوو، ناچار بووم بە چاپکراوی لە سایتی چاودێر بڵاوی بکەمەوە. دواتر لە بەغدا بووم کەناڵ8 داوای چاوپێکەوتنیان کرد و یەکەم جاریان بوو ئەوەم لێ داوا بکەن بەڵام من دەمزانی ئەو کەسانەی لەگەڵ منیان دانابوو بۆ چاوپێکەوتنەکە سەرکەوتوو نەدەبووین، نەشمویست لە یەکەم دەرکەوتنم لە کەناڵ8 بەرنامەیەکی ناسەرکەوتوو پێشکەش بکەین.

 کوردستان24: باسی میدیات کرد، تۆش لەو باوەڕەدای کە ئێستا میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم کاریگەری هەبێت لە ئەم قۆناخەدا؟ بەڵام ئەم پەیامانەی کە گەیاندت چی لە دڵتدا بوو؟ چی وای لێ کردیت کە تۆ دەسپێکی بەرنامەکە لەگەڵ من بە ئەم پەیامە دەست پێ بکەیت؟

مەلا بەختیار: بۆ ئەوەی روون بێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان کە من ئێستا لە کەناڵ 24 دانیشتووم بڕیاری هیچ حزبێک نییە لە پشتی ئەم دانیشتنەوە. من رێزم بۆ هەموو حزبەکان و پارتیش هەیە، بەڵام بە بڕیاری هیچ حزبێک من چاوپێکەوتن قبوڵ ناکەم.

کوردستان24: سوپاست دەکەین، من هاوکارانم دەمێکە لەسەر هێڵن لەگەڵ جەنابت تاوەکو ئامادە بیت لەم بەرنامەیە، سوپاس بۆ ئەوەی قبوڵت کرد و ئامادە بویت.

مەلا بەختیار: بەڵێ سوپاست دەکەم.

کوردستان24: با لە کۆبوونەوەکە دەستپێبکەم وتت زانیاریم هەیە، چ زانیارییەکت هەیە لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی کە لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە؟


مەلا بەختیار: ئەزانم خەڵک زۆر چاوەڕێیە بە دڵنیایییەوە. ئەوەندەی من بیزانم باسی سەرۆک کۆمار هەر نەکراوە لە کۆبوونەوەکەدا. باسی ئەو لێژنەیە کراوە، لێژنەیەکی هاوبەش کە لە نێوانیاندایە، ئەیانەوێت لەم لێژنەیە کۆمەڵێک لە کێشەکان چارەسەر بکەن. تا ئێستا لەسەر کاندیدی هاوبەشی سەرۆک کۆمار لە نێوان یەکێتی و پارتی رێککەوتن نییە و زۆریش لە یەک دوورن، بەداخێکی زۆرەوە. جە ئیجازەم دە من بانگەوازێکیشم هەیە.


کوردستان24: فەرموو.

مەلا بەختیار: زۆریش مەبەستمە ئەم بانگەوازە. من لە کاتێکدا دوای خۆت لەسەر کاندید بوونی خۆم پرسیار دەکەیت ئەزانم، بەڵام من لێرە بانگەوازێک دەکەم. دوور لە هەموو شتێک بانگەوازێک دەکەم. من ئاوا دەڵێم، دەڵێم جەنابی کاک مەسعود تۆ گەورەی قەومیی ئێمەیت، گەورەی نەتەوەی کوردیت ئێستا. باکوور بۆ لات. رۆژاوا بێت بۆ لات، کێشەکانی باشوور ئەگەر لای جەنابت نەبێت چارەسەر ناکرێت، باشە. ماوەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، من دڵنیام هەر گۆڕانکارییەک لەسەر ئاستی ئێران یان رۆژهەڵاتی کوردستان یان دەرەتانێکی بێتە پێشەوە دیسانەوە هەرێمی کوردستان موهیم دەبێت بۆ رۆژهەڵاتیش. من بانگەوازێکی دۆستانەم هەیه بۆی، وەک گەورەی نەتەوەی کورد، پێی دەڵێم کاک مەسعود گەورەیی بنوێنە، ئەم کێشەیە لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکە. و ئەگەر سەرۆک کۆماریش بدەیت بە یەکێتی، من باوەڕ ناکەم هیچ لە مەوزووعەکە بگۆڕێت، چوار سەرۆک کۆماری پێشوو یەکێتی بوو، خۆ پارتی بچووک نەبووەوە. پارتی لە ئاخر هەڵبژاردن زۆرینەی دەنگی کوردستانی هێناوە، یەکەم حزبی عێراقە وەک هەڵبژاردن وەک حزب. ئەمجارەش ئەگەر پێنجەمین سەرۆک کۆماریش هی یەکێتی بێت، هەر کەسێک بێت، هەر کەس بێت.


کوردستان24: تۆ لەگەڵ ئەوەیت یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت؟

مەلا بەختیار: من دەڵێم کاک مەسعود گەورەیی بنوێنە، روونە قسەکەم چۆنە، نەک لەبەر ئەوەی یەکێتی بڕیاری داوە کێ کاندیدی بێت. ئەمە مەوزووعێکە پەیوەندی بە یەکێتییەوە هەیە. من پەیوەندی قسەکەی من پەیوەندی بە کاک مەسعودەوە هەیە، قسەکەم پەیوەندی بە نەتەوەی کوردەوە هەیە، قسەکەم پەیوەندی بە ئەم قۆناخەوە هەیە کە پێیدا تێدەپەڕین. قۆناخێکی ئاڵۆزە دوای پرسیارت هەیه لەسەر ئەم قۆناخە. من دەڵێم کاک مەسعوود گەورەی نەتەوەیە، عەرەب دەڵێت "کبیر القوم خادمهم". گەورەی نەتەوە دەبێت خزمەتکاری نەتەوەکە بێت. ئەمەی کە وتت گرێ کوێرە، من دەڵێم نەبووە بە گرێ کوێرە، گرێی دەست بوو بیخەینە دەم، ئەمە پەندی پێشینانە، گرێی دەست مەخەنە دەم، پێشینان دەڵێن. نەبووە بیخەینە دەم. بەداخەوە ئێستا دەتوانم بڵێم گەیشتووەتە بنبەست، دەتوانم وا بڵێم. بەڵام هێشتا کورد هەمیشە تەفائول هەیه لە پەندی پێشیناندا دەڵێت نەچووە بچێت، نەچووە بچێت بە مانای ئەوەی نەبێت بارودۆخەکە لە ئەمە خراپتر بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەبێت بارودۆخەکە لە ئەمە خراپتر بێت لە عێراق، نەبێت ئەمریکا لە پڕ بڕیارێک بدات پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئێمە بێت، بۆیە نەچووە بچێت، گەورەیی زۆر گرنگە لە ئەم کاتەدا.


کوردستان24: ئەم بنبەستە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ بەستەڵەکی ناکۆکییەکان چۆن دەتوێتەوە جەنابی مەلا بەختیار؟

مەلا بەختیار: رێکبکەون لەسەر پۆستە سەرەکییەکان. مەعلوومە پارتی یەکەم دەنگی هێناوە ئەو پۆستە سەرەکییانەی کوردستانی هی ئەوە. مەعلوومیشە ئەمە وەک نەریتێکی لێ هاتووە لە عێراقدا تا ئێستا، من تازە لە بەغدا گەڕامەوە ئاگام لێیەتی، وەک نەریتێکی لێ هاتووە، با وا بێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان بە جۆرێک لە جۆرەکان رەنگە پێشبینی نەکرێت، باشە. بەڵام من دەڵێم کاک مەسعود ئەمە بکات بە قوربانی یەکڕیزی نەتەوەی کورد. من مەبەستم ئەوە نییە پارتی موستەحەق نییە، یان رەنگە دەرنەچێت لە هەڵبژاردن، من ئەم قسانە ناکەم، ئەمە دەهێڵینەوە بۆ ئەنجامەکەی. یەکێک لە پێشنیارەکانی پارتی کە هەڵبژاردنی سەرۆک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵبژێرێت حەز دەکەم بزانم ئەمە فیکری منە.

کوردستان24: تۆ ئەو پێشنیارەت داوە بە پارتی؟

مەلا بەختیار: نەخێر، بە پارتیم مەنەداوە. یەکەمین جار لەسەر کاندید بوونی هەردوو بەڕێز دکتۆر فوئاد مەعسووم و دکتۆر بەرهەم ساڵح سێ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی رێکنەکەوتین، لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی بە کەسم نەوت تا هاتینە ناو کۆبوونەوە وتم کاکە ئێمە رێکناکەوین لە نێوان خۆماندا، ئەم پێشنیارەم هەیه بچنە ناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکلایی بکەنەوە. هەردووکیشیان قبوڵیان کرد، هەم دکتۆر فوئاد هەم دکتۆر بەرهەم قبوڵیان کرد مەکتەبی سیاسی رازی بوو کردمان بە ئەمڕۆ رۆیشتین لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ساخ بووەوە.

کوردستان24: بەڕێز مەلا بەختیار، جەنابت پیاوێکی قووڵ و دووربینیت لە سیاسەتدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ئێستا کارتێکی بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ داواکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار، دەڵێت من بۆیە داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەم ئەمەوێت ئەم پۆستە کارا بکەمەوە، دامەزراوەی سەرۆک کۆمار بە فیعلی دامەزراوە بێت، بیخەمەوە خزمەتی عێراق و عێراقییەکان و بە تایبەت بۆ کوردیش، واتە بە کوردییەکەی و بە کورتی تەنیا تەشریفاتی نەبێت، تۆ لەگەڵ ئەم رایە دایت؟

مەلا بەختیار: با، من لەگەڵ ئەم رایەدام. دانیشتن لەسەر وردەکارییەک لەگەڵ یەکێتی رێککەون. لەگەڵ ئەوەدام سەرۆک کۆمار تەواوی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. زۆر باشە و پارتی پاڵپشتی ئەم بەکارهێنانەی دەسەڵاتە دەستوورییانە بکات ئەمە زۆر باشە. ئەگەر رێککەوتن ئەگەر جەنابی کاک مەسعوود گەورەیی نواند پارتی دیسانەوە لە خۆیان برد لە خۆیان برد بۆ شتێکی گرنگی ئەمڕۆ، کاکە دۆخەکە لەبەر چاو بگرن، وەڵڵا من چەند ساڵێکە دەڵێم کورد لە خەتەردایە، کاکە من وتم رۆژاوا دەبێت کێشەکانی چارەسەر بکەن ئێستا دەڵێم لە خەتەردایە، وەڵڵا ئاییندەش هێشتا دڵنیا نین لە خۆمان.

کوردستان24: زۆرینەی شیعەکان پۆستی سەرۆک وەزیران دەبێت، زۆرینەی سوننەکان پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت، ئەی پارتیش دەڵێت منیش زۆرینەم، لەسەر ئەم بنەمایە کێبڕکێی دەست پێ کردووە لەگەڵ یەکێتی.

مەلا بەختیار: وتم "کبیر القوم خادمهم". ئەم قسەیەم بۆیە کرد، ئەزانم زۆرینەن، ئەزانم کاک مەسعود، ئەزانم کاک مەسعود لە چی پێگەیەک دایە ئێستا. و هەموو خەڵک دەزانێت کە من رێزی دەگرم. من لە ئەمەوە داوای لێ دەکەم، لە ئەمەوە داوای لێ دەکەم کە ئەم کێشەیە لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکە، ئەم دەورەیەش تێ بپەڕێنین.

کوردستان24: با هەر بە جدی پرسیارێک رەنگە بۆ من و بۆ زۆرێکیش لە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان ئەمە پرسیارێکی جەوهەری و گرنگ بێت؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر چ بنەما و پێوەرێک کاندید دیاری دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار؟

مەلا بەختیار: پێوەرەکان مام جەلال بوو. مام جەلال پێوەرەکانی دیارە.

کوردستان24: من لە دوای مام جەلالەوە دەڵێم، بە رەحمەت بێت.

مەلا بەختیار: مام جەلال پێوەرەکانی دیارە و سەلماندیشی مام جەلال چی سەرۆک کۆمارێکە. ئەوە بەسە بۆ مێژووی کورد کە جەنابی سەماحەتی سیستانی وتی مام جەلال سەمامی ئەمانە، مام جەلال یەکێک لە سەرگەورەترین سەرکەوتنەکانی ئەوەیە عێراقی لە لێواری شەڕی ئەهلی رزگار کرد. ئەوە یەک. دوای ئەوە کاک دکتۆر فوئادە، دوای ئەوە کاک دکتۆر بەرهەمە، کە ئەمانە دوو پیاوی گەورەن لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، رەنگە ئێوە نەیانناسن بەڵام ئێمە نایانناسین، ئەمانە دوو پیاوی گەورەن، من جیاوازیم لەگەڵ هەردووکیان نەبووە لە مێژووی خۆمدا، باشە؟ من کۆمەڵە بووم دکتۆر فوئاد شۆڕشگێڕان بووە. بەڵام پیاوێکی جوامێر بووە لەگەڵ مندا، لە کاتی تەنگانەدا جوامێر بووە. کاک بەرهەم پیاوەکە خاوەن بڕوانامەی گەورەیە، لە ساڵی 1977ـەوە ئەندامی کۆمەڵە بووە پیاوێکی شارەزایە، پیاوەکە دنیا دیتووە، دیپلۆماتکارێکی گەورەیە، یەعنی وایە من ناتوانم، یەکێتی بە ئاسانی ئەمانەی کاندید نەکردووە. ئرمێنێتەوە سەر ئێستا، من ویستم ببم بە کاندیدی تەسوویە، بەڵام تەواو ئەوە تەواو بوو، دوای دێینە سەر بڕوانامەکە گەر دەرفەت هەبوو، ئەوە تەواو بوو. هیوادارم ئەو کەسەی دانراوە سەرکەوتوو بێت.

کوردستان24: باشە، نزیک بوویت لە ئەوەی پێت بڵێن فەخامەتی سەرۆک بۆ داهاتووی عێراق، بۆچی نەبووی جەنابی مەلا بەختیار؟

مەلا بەختیار: پێم وا بێت یەکێتی فشاری نەکردایە دەبووم.

کوردستان24: یەکێتی فشاری کرد بۆ ئەوەی تۆ نەبیت بە ئەو پۆستە؟

مەلا بەختیار: یەکێتی مورەشەحی تری هەبوو، من گلەییشم نییە، نە قسەم لەگەڵ کاک بافڵ کردووە نە تەکلیفم لێ کردووە نە ئەو قسەی لەگەڵ من کردووە نە تەکلیفی لێ کردووم، نە ئیتیفاقمان هەبوو تا بڵێم وەڵڵا پەشیمان بووەتەوە، ئەو رای خۆی بوو منیش رای خۆم. ئەو کاندیدی خۆی هەبووە منیش خۆم کاندید کردووە، هیچ گلەییەکم لێیان نییە. من خۆم تەحەممولی مەسئولییەتی بڕیارەکەی خۆم دەکەم.

کوردستان24: ئەی چی فشارێکیان کرد بۆ ئەوەی تۆ نەبیتە ئەو پۆستە؟

مەلا بەختیار: فشارەکەیان ئەوە بوو کە وەک وتم بێ ئیتیفاقی ئەوان من بڕیاری خۆم داوە وەک مەلا بەختیار.

کوردستان24: نەدەکرا پێشتر ئیتیفاقێک بێت گفتوگۆیەک بێت؟

مەلا بەختیار: پێم وا نییە بگەیشتایەنە ئەنجام. هیچ نەبێت سەلماندم کە خەڵک منی دەوێت، بەس بوو.

کوردستان24: بەڵام نەگەیشتی.

مەلا بەختیار: نەگەیشتم

کوردستان24: هەر بە جدی بڕوانامەکەت کێشە بوو؟

مەلا بەختیار: من بڕوانامەم لە 100%هێناوە لە زانکۆی ئەهلی ئازادی هۆڵەندا.

کوردستان24: دانپێدانراو بوو؟

مەلا بەختیار: ئینجا بۆت باس دەکەم، تا 2013 ئەم زانکۆیە دان پێدانراو بووە، لقی هەبووە لە بەسرە، لقی هەبووە لە بەغدا، لقی هەبووە لە کەرکووک، لە دوای 2013 کێشەیان بۆ داناوە، گوناحی من نییە لە ئەمەیاندا، و من کە چوومەتە ئەو زانکۆیە یەکەم پرسیارم لە سەرۆکی زانکۆکە کردووە ئایا لای خوێندنی باڵای عێراق موعتەرەفن یان نا؟ وتی بەڵێ موعتەرەفین، راستیشی کرد فەقیرە. ئەی ئێستا وای لێ هاتووە کە گوایە من شەهادەم نییە، وەڵڵا شەهادەم هەیە.

کوردستان24: وەزارەتی خوێندنی باڵا بوو؟ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق؟

مەلا بەختیار: وەزارەتی خوێندنی باڵا پێش ئەم قەزییەی من کشاندبوویانەوە، واتە ئەو ئیعترافەیان لێ کشاندبووەوە. پێم خۆش نییە تانی کەس بکەم، پێم خۆش نییە. ئێستا لێژنەیەک دابنێن لە ناو پەرلەمانی ئێستای عێراق لە ناو کاربەدەستەکانی ئێستای عێراق لە ناو وەزیرەکانی پێشووتر و ئێستای عێراق بزانن چەند کەسی شەهادەکەی وەک شەهادەکەی منە لە کۆمەڵێک زانکۆی هاوشێوەی ئەو زانکۆیەی من.

کوردستان24: غەدرت لێ کرا؟

مەلا بەختیار: سیاسەتە، غەدر هەیه لە سیاسەتدا، من لە غەدردا کوڵاوم، یەعنی ئاسان نییە، ئێستا خەڵک پێی وایە ئێستا من یەعنی بێ تاقەتم، وەڵڵا بێ تاقەتیش نیم، ئاسایی وەریدەگرم، دەیکەم بە قوربانی کێلی یەک شەهید.

کوردستان24: باشە گریمان جەنابی مەلا بەختیار تۆ چوویتە سەر کورسی پۆستی سەرۆک کۆمار چیت بۆ دەکردین؟

مەلا بەختیار: من دەبووم بە سەرۆک کۆمار، بە کردەوە، ئەمتوانی سەرۆک کۆمار بم، هەر ئەوەندە دەڵێم. من هاوڕێی نزیکی سەرکردەکانی عێراقم.

کوردستان24: بۆچی پاڵپشتییان نەکردی؟ 

مەلا بەختیار: هەموویان دەیانوت ئەگەر ئیشکالەکە تەواو بێت ئێمە پاڵپشتیت دەکەین، ئەسڵەن بڕیاریان دابوو لە گەڕی یەکەمدا دەردەچم. 

کوردستان24: یەعنی قوەتی لایەنی سیاسی کوردی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەندە زۆر بوو تەنیا بەیەک هێزی سیاسی نەتوانرێت؟

مەلا بەختیار: کاکە وتیان ئێمە 21 کورسیمان هەیە، ئەگەر ئێوە پێچەوانەی بڕیاری ئێمە مەلا بەختیار بخەنە لیستی کاندیدەکانەوە ئێمە مەجوبور دەبین 21 کورسییەکە دەنگ نەدەین بە سەرۆک وەزیرانی شیعە و نە دەنگ بە وەزیرەکانتان نەدەین، پێیان وتراوە پەیامەکە زۆر روونە.

کوردستان24: ئەی لایەنی سیاسی عێراقی؟ هیچ لایەنێکی سیاسی عێراقی، شیعە، سوننە دژی ئەوە بوون یان هەڵوێستێکی جیاوازیان هەبوو کە تۆ ببەستن؟

مەلا بەختیار: من لایەنی سوننەم نەبینی لەسەر ئەمە دەست و دەست بکات بەڵام لایەنی شیعەکان ئەوەی من بینیم زۆربەیانم بینی دۆخم زۆر باش بوو.

کوردستان24: باشە من نامەوێت زۆر لەسەری بڕۆم، بەڵام ئەو دوو سێ پرسیارە گرنگ بوو کە بۆمان روون بێتەوە بۆ جەنابت نەگەیشتی. 

مەلا بەختیار: باشە، بابەتێکی زۆر گرنگ هەیه باس لە ئەو دەکرێت، شەهادەیەکی تریشم هەیه نایڵێم ها.

کوردستان24: ئەی بۆ نایڵێیت؟

مەلا بەختیار: هیچ نایڵێم، پێویست ناکات. چونکە بە راستی من نە سواڵی شەهادە دەکەم نە پێم وایە بە شەهادە من دەبم بە مەلا بەختیار. من مەلا بەختیارم پێش ئەوەی شەهادەم هەبێت یان نەبێت، هاوڕێکانی من هەر هەموویان سەربەرزن پێش ئەوەی شەهادەیان هەبێت یان شەهادەیان هەبێت، خەڵکیش هەیه هەر لەم پرۆسەیەدا چوو خۆی کاندید کرد هەر شەهادەی وەک منییشی نەبوو.

کوردستان24: ئەی بۆ ئەو بڕوانامەیەت بەکار نەهێنا؟

مەلا بەختیار: من ئەمە پێم باشتر بوو، ئەم زانکۆی ئازادەم پێم باشتر بوو.

کوردستان24: دەستخۆش، تێکەڵکردنی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە شتێکی راستە؟

مەلا بەختیار: چۆن یەعنی؟

کوردستان24: یەعنی بەیەک پاکێج، پۆستەکان من ئەم پۆستە دەدەم ئەو پۆستە وەردەگرم، یەعنی بەخشین و وەرگرتن لە بەرامبەردا، مەرج دانان، بەکارهێنانی پۆست لە بەرامبەر پۆستی عێراق، لە کاتێکدا ئێوە من ئاگاداریشم چەند جار قسەتان لەسەر کردووە؟

مەلا بەختیار: لە زەمانی مام جەلال وا بوو، لەسەر هەموو پۆستەکان رێککەوتن بە پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە. 

کوردستان24: بەڵام ئەو مەترسییە ئێستا هەیە، لە زەمانی مام جەلال بە رەحمەت بێت هەبوو. 

مەلا بەختیار: نا، نا مەترسی نییە، هەموو شتەکان گۆڕاوە، راسته، بەڵام من باس دەکەم لە بنەچەوە ئێمە لەسەر ئەمە رێککەوتووین یەکێتی و پارتی، من خۆم لەم مفاوەزاتانەدا بووم لە بنەچەوە وا رێککەوتووین، بەڵام دوای مام جەلال زۆر شت گۆڕاوە و بە تایبەتی ئێستا هەر زۆر زۆر گۆڕاوە، راسته.

کوردستان24: بەڵام قسەیەکی پارتی هەبوو لە پێش هەڵبژاردن، لە کاتی هەڵبژاردن دەبوو وتی هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن جیاوازە لە هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن، ئەم پەیامە زیاتر بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە پرسی سەرۆک کۆمار و یەکلاکردنەوەی تەواوی پۆستەکانی تریش.

مەلا بەختیار: وایان وت و وایش دەرچوو، قسەی خۆی بردە سەر پارتی، وایان وت و وایش دەرچوو.

کوردستان24: زۆر جار دەڵێن پارتی سیاسەت بە ئینکاری دەکات، وایە؟ تۆ وا دەبینیت جەنابی مەلا بەختیار؟

مەلا بەختیار: بەپێچەوانەوە پارتی بە سەنگینی سیاسەت دەکات، ئەم قسەی 10 ساڵ لەمەوبەرە، قسەیەکی تازه نییە، سەنگینن لە بڕیاردا، پەلەپەلیان نییە لە بڕیاردا.

کوردستان24: باش دەکەن؟ قازانجیان لێکردووە؟

مەلا بەختیار: ئا، سیاسەت ماتماتیکە، پەلەپەل نییە، بە پەلەپەل بڕیار نادرێت، بچووکترین پۆینت غەڵەت بکەیت نابێت غەڵەت بکەیت لە بڕیار و چارەسەرسازەکاندا نابێت پەلە بکەیت. 

کوردستان24: ئەگەر بە پەلەپەل بڕیار بدەیت وەک ئەوەی تۆ ناوی دەنێیت هەڵە دەکەیت؟

مەلا بەختیار: سەد هەڵە دەکەیت.

کوردستان24: هەڵە کراوە؟ 

مەلا بەختیار: مەودای مێژوومان هەڵەکانمان لە راستەکانمان زیاترە.

کوردستان24: با باسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بکەین، وردە وردە دێینە سەر مەترسییەکان و عێراق و دەوروبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا شیعەکان ئاگات لێیە چوارچێوەی هەماهەنگی تاکە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەڕێز نووری مالیکییە، ئەویش کە دەبینین ئەمریکا دەڵێن نابێت، ئەوانیش دەڵێن ئێمە پێداگرین لەسەر کاندید کردنی نووری مالیکی. نازانم کورد پاڵپشتی بکات، هەرچەندە پارتی و یەکێتی پاڵپشتییان کردووە بە فەرمی، واتە پیرۆزبایییان لێ کردووە. بەڵام ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا، ئەم هەڕەشەیە، هەڵوێستی راستەوخۆی تڕەمپ، ئەمە چۆن وەربگرێت کورد؟

مەلا بەختیار: یەکەم، ئەم بڕیارە بە دەست زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگییە و بڕیاریان دا جەنابی مالیکی کاندیدیانە.

کوردستان24: بەڵام دەنگی ناڕەزاییشی تێدایە.

مەلا بەختیار: ئەوە یەکەم جارە  زۆرینە و کەمینەی تێدایە چوارچێوەی هەماهەنگی. دووەم کورد پاڵپشتییان کرد، هەم یەکێتی هەم پارتی پاڵپشتییان کرد. سێیەم مەوزووعێک دێتە پێشەوە، مەوزووعێکی کەم نییە، مەوزووعی ئەوەی کە سەرۆک تڕەمپ رەخنەی هەبوو لە کاندیدکردنی و هەڕەشەشی کرد، تا ئێستا ئەو مەوزووعە بە تەواوەتی ساخ نەبووەتەوە. من ناتوانم بڵێم بانگەوازم هەیه و نازانم چیم هەیه و چیم هەیە. ئەمریکا ئەمریکایە و سەرۆکی ئەمریکاش سەرۆکی ئەمریکایە، بەڵام ئەم مەوزووعە حەقە بە درایەت چارەسەر بکرێت، بە مەنتیقێکی گەورە و بە هەوڵێکی زۆر چارەسەر بکرێت، زۆری ئەم خەبەرانە لەسەر میدیا و ئەوانە ئاڵۆزی دەخەنە ناو وەزعەکە. بە رای من چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت لێژنەیەکی نهێنییان بچێت بۆ ئەمریکا دڵنیایی بدات بە ئەمریکا. ئەمریکا میحوەرە، ئەمریکا میحوەرە لە سیاسەتدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو شتەکان بە ئەو دەبەستێتەوە لە دەوروبەری ئێران و لە هەموو کەنداودا. لەبەر ئەوە ئەم مەوزووعە نە جەنابی مالیکی نە جەنابی سوودانی نە جەنابی بارزانی نە جەنابی بافڵ نە جەنابی هیچ جەنابێک ناتوانێت فەرامۆشی ئەم حەقیقەتە بکات، ئەمە بووە بە میحوەر، میحوەری ستراتیژی ئەم قۆناخەی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە دەبێت تێ بگەین هەر شتێک زەرەر لە باڵادەستی ئەمریکا لە ئەم سیاسەتە بکات ئەمریکا بەرپەرچی دەداتەوە.

کوردستان24: مالیکی زەرەرە بۆ باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا؟

مەلا بەختیار: پۆستەکەی تڕەمپ وا دەڵێت، باسی رابردوو دەکات، باسی ئێستا دەکات، باسی شکستەکانی دەکات، پۆستەکەی وا دەڵێت. بەڵام پێم وایە یەعنی تڕەمپ لەو ئەو کەسانەیە هەم بڕیار دەدات هەم گوێ دەگرێت، گوێ دەگرێت، یەعنی ئەگەر خیتابێکی تری بۆ بڕوات، زانیاری تری بۆ بڕوات، عێراق لۆبی هەبێت لە ئەمریکا بۆ ئەم مەوزووعە، من دەڵێم ئەم مەوزووعە چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت چارەسەری بکات، نابێت بە هەڵپەسێردراوی بیهێڵێتەوە، خەتەرە. یەک مانگ پارەکە رابگرێت ئەمریکا، یەک مانگ رای بگرێت، نرخی دینار سەد دۆلار 150 هەزارە دەبێت بە 450 هەزار.

کوردستان24: بەڵێ، ئەو هەڕەشەیشی کردووە لە رووی ئابووری و سەربازی و هاوکارییەکانی ئەو هەڕەشەی کردووە، بەڵام ویستم ئەوە بڵێم، دوای جار چاوەڕێ بکەین چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ رزگار بوون لە ئەو دۆخە، با ناوی بنێم فێڵی یاسایی، فێڵێکی یاسایی بدۆزێتەوە و نووری مالیکی بگۆڕێت؟ تۆ لێیانەوە نزیکیت و تێیاندا نزیکیت.

مەلا بەختیار: من پێم وایە ئەگەر بگاتە یەقین، پێم ناخۆشە ئەم قسەیە بکەم، بگاتە یەقین چوارچێوەی هەماهەنگی و حزبەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە بگەنە یەقین کە جەنابی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەو بڕیارەی ناگۆڕێت، ئەو کاتە چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

کوردستان24: باشە، گریمان مالیکی کشایەوە، دوو کاندیدی تر؛ سوودانی یان عەبادی شانسیان زیاترە؟

مەلا بەختیار: سوودانی. سوودانی بەغدای کردووە بە بەغدایەکی تر، کەربەلا و نەجەفی کردووە بە کەربەلا و نەجەفێکی تر، شارەکانی تر و بەسرە و موسڵ، شتێکی ترە ئێستا، بڕۆن سەیری بکەن لە ناو بەغدا بۆ هەر لایەک بڕۆیت بۆ هەر گەڕەکێک بڕۆیت.

کوردستان24: ئەی بۆ کشایەوە بەرامبەر مالیکی؟

مەلا بەختیار: ئینجا جوامێرییەکەی لە ئەمەدایە، سەیر بکە. چەند جوامێرییە ئەمە؟

کوردستان24: تۆ ناوی دەنێیت جوامێری؟ هەندێک پێی دەڵێن تەڵەی سیاسی.

مەلا بەختیار:  با پێت بڵێم جوامێرییەکەی لە چیدایە. جەنابی سوودانی ئەندام بوو لە حزبی دەعوە. کێشە هەبوو کامەیان سەرۆک کۆمار بێت. خۆی چوو بۆ لای جەنابی مالیکی وتی تۆ بە درێژاییی مێژوو سکرتێری من بوویت، سەرۆکی من بوویت، رەمزی حزبەکەی من بوویت، ئێستا ئەتەوێت ببیت بە سەرۆک وەزیران من پێم عەیبە مونافەسەت بکەم، ئیحترامی ئەو مێژووە دەگرم، ئیحترامی ئەوە دەگرم تۆ رەمزی ئێمە بوویت و من پاشەکشەم کرد و تەسلیمی تۆم کرد. مالیکیش پێی وتووە هیچ قسەت بۆ نەهێشتوومەتەوە. سەیر بکە چەند جوامێرییە ئەمە، کوڕە ئەبێت جوامێری بێت، دنیای پلە و پۆست ئەوە ناهێنێت موئامەرە بکەیت و شەڕ بکەیت و بەدبەختی بیت.

کوردستان24: وا بە یەقینەوە و بە حەسرەتەوە پێم دەڵێیت، یەعنی ئەم جوامێرییە لە کورددا نەبووە؟

مەلا بەختیار: کەم هەیە، کەم هەیە، چۆنی لێک دەدەیتەوە لێکی بدەرەوە.

کوردستان24: بەس بۆچی نەمان بێت خۆ کورد هەمیشە داوای یەکڕیزی دەکات؟

مەلا بەختیار: باوە من یەک کارم بۆ شیعەکان کردووە لە مێژووی خۆمدا، یەک کار. من مەسئوولی بەرەی کفری و تووزخورماتوو و خانەقین و جەلەولا و سەعدیە بووم ماوەیەک لەوێ دژی داعش. کە هادی عامری هات بۆ لام بە کۆپتەر لە میوانخانەکەی خانەقین دابەزی، وتی سەماحەتی سیستانی فەتوای داوە کە ئێمە دەبێت بچین شیعە گەمارۆدراوەکانی ئامرلی و سلێمان بەگ رزگار بکەین کە 300 خێزانی لێیە، تۆ چیمان بۆ دەکەیت؟ نەیان دەتوانی بێن چونکە سەعدیە و جەلەولا هەمووی بە داعش گیرابوو. منیش وتم فەتوای سەماحەتی سەید سیستانی ئەمری سیاسییە بۆ من، وتم وەرن، هاتن هەموومان بردن و هاتن و ئێران هات و ئەو شەڕە موتڵەقەن ئەمریکاش بەشداری تێدا نەکرد، هەر 300 خێزانکەمان ڕزگار کرد ناوچەکەشمان پاک کردەوە. باوەڕ بکە خانم، باوەڕ بکە هێز بە هێزی شیعە خێزان بە خێزانی شیعە کە حەشدی شەعبین دەزانن مەلا بەختیار یارمەتی دان بۆ ئەو 300 خێزانیە. ئێستا ئەمەیان بیر بێت، ئەمەوێت بڵێم ئەم کارە شۆڕشگێڕانە و مێژووییە نە لە ناو کورد نە لە ناو شیعە نابێت فەرامۆش بکرێت، نابێت ببێتە قوربانی ململانێی تر.

کوردستان24: گەیشت، بەڕێز مەلا بەختیار، کەواتە بۆ ئەوەی تەوەرەکە بگۆڕم، پێم بڵێ با ئەمە دوا پرسیار بێت لە نێوان هەولێر و بەغدا؛ چۆن کێشەکان ئەگەر نەڵێم سفر بکەینەوە، لانی کەم کێشەکان ئیتر وردە وردە کەم بکرێتەوە؟

مەلا بەختیار: زەمینەی چارەسەری کێشەکان لە بەغدا، ئەوەندەی من لە بەغدا بووم، بە لەبار دەبینم ئێستا، بە رەخساو دەبینم. ماوەتەوە سەر گرێ کوێرەکە، یەکێتی و پارتی رێک دەکەون یان رێک ناکەون؟ بە رای من رێک بکەون باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەم قۆناخە دەبێت، رێک نەکەون کورد زەرەرێکی زۆر گەورە دەکات. هێشتا ئەو زەرەرە گەورەمان نەکردووە، ماویەتی.

کوردستان24: با من و تۆ باسی مەترسییەکی تر بکەین، تازەترین مەترسی کە سەری هەڵداوە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەبوو ئاگادارن، باسی هەرێمی کوردستان دەکەم، دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتوانی ڕەتکردەوە کە لە لایەن عێراقەوە کراوە لە سەرژمێری دانیشتوان بۆ کورد. جەنابت خەڵکی خانەقینی خۆشەویست و ئازیزی، لێرەوە رێز و سڵاو و خۆشەویستیمان هەیه بۆی یەکێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. چۆن سەیری ئەم مەترسییە دەکەیت؟ چۆن لێکی دەدەیتەوە؟

مەلا بەختیار: بەداخەوە، بەداخەوە، ئەم بابەتە زۆر هەستیارە، زۆر هەستیارە. ئەمە جگە لەوەی کە لەم سەرژمێرییەدا ناوچە کێشە لەسەرەکانی تێدا نییە، ئەوەی کە ماددەی 140ـمان بۆ داناون، کەرکووک و خانەقین. دەبێت ئەنجامەکە بڵاو نەکرێتەوە، بەڵام بڵاو کراوەتەوە. ئەمە زۆر خەتەرە، بە رای من، ئەمە وەک ئەوە وایە وردە وردە قاڵبمان ببڕن، بە ژمارەی سەرژمێریی خۆمان لە قاڵبمان ببڕن، ئەمە خەتەرەکەیە.

کوردستان24: ئەی سەرژمێریی 1957 چی بەسەر دێت؟

مەلا بەختیار:  هیچی نامێنێت، کۆتا سەرژمێری دەبێت بە ئەساس بۆ لەمەودوا.

کوردستان24: کەواتە تۆ بە ناڕاستەوخۆ بە من دەڵێیت "تەعریب" بە یاسا دەکرێت لە داهاتوودا؟ گۆڕینی دیمۆگرافیا؟

مەلا بەختیار: لانی کەم بەم یاسایە ڕێگەمان لێ دەگرن بتوانین ئاسەواری تەعریبی رابردوو بسڕینەوە و ماددەی 140 جێبەجێ بکەین.

کوردستان24: هێشتا ئومێدمان بە ماددەی 140 هەبێت؟ دوای 20 ساڵ؟

مەلا بەختیار: نابێت نائومێد بین، 20 ساڵی تریش بیخەیتە سەر نائومێد نابین، ئەوە حەقێکی یاسایی خۆمانە، ئێمە چۆن ئێستا شانازی بە پەیمانی سیڤەرەوە دەکەین، شانازی بە بەیاننامەی 11ی ئادار دەکەین، شانازی بە نووسینی دەستوور دەکەین، دەبێت تا ئەو مافەی ماددەی 140 نەبێت بە هیچی تر لە ویژدانی هیچ منداڵێکی کورد بچێتە دەرەوە.

کوردستان24: ئەڵێی ئەم پشوو درێژییەت چۆتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان؟ 

مەلا بەختیار: ئیجابیاتی پارتی سوود وەربگرم خراپە؟

کوردستان24: جەنابی مەلا بەختیار کات زۆر زوو دەڕوات و منیش تەوەری دیکەم  هەیه باسی لەگەڵ بکەم. با باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین. سەرەتا با باسی رۆژئاوای کوردستان بکەین، ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من دڵنیام قسەت هەبووە و زۆر شتت نووسیوەتەوە لەسەری. بەڵام ئەمە ناوی بنێین شکست، یان نەخێر سەردەمێکی نوێ و هەستانەوە بۆ کورد؟

مەلا بەختیار: یەکەمین جار کورد لە شکستێکی گەورە رزگاری دەبێت، یەکەمین جار لە مێژوودا.

کوردستان24: کێ رزگاری کرد؟

مەلا بەختیار: ئێمە لە زەمانی میری بەدرخانەوە کە ئیتیفاقاتی نێودەوڵەتی ئەم لا و ئەو لا دەبوو ئێمە هەمیشە تێ دەچووین، تا ئیتیفاقی جەزائیر، تا ئەنفال. باشە؟ ئەمە یەکەمین جارە رۆژاوای کوردستان لە لێواری شکست رزگاری دەبێت. بە ڕای من کۆمەڵێک هۆکار بۆ ئەم کارە هەبوو. پێش هەموو شتێک شانازییەکەی بۆ نەتەوەکەمان دەگەڕێتەوە، بۆ سەدان هەزار خۆپێشاندەر دەگەڕێتەوە، کە لە سەدا هەشتای پێش ئەوە تاقەتی سیاسییان نەبوو، بەڵام لە ویژدانیاندا نەتەوە هەبوو.

کوردستان24: خۆمان خۆمان رزگار کرد وەک کورد و یەکگرتن یاخود رزگاریان کردین؟

مەلا بەختیار: بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەری هەبوو، بڕیارەکەی فەڕەنسا کاریگەری هەبوو، بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا کاریگەری هەبوو، ئەمانە هەموو گرنگن. ئینجا جیا لەوەش با ئێمە بە ویژدانەوە قسە بکەین، تەنانەت تورکیا وەک جاری جاران تەعامولی نەکرد لەگەڵ رووداوەکە، تەداخولی عەسکەری نەکرد، قەسفی نەکرد.

کوردستان24: بۆچی وای کرد ئەمجارە؟ 

مەلا بەختیار: دۆخەکە گۆڕاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا مەسڵەحەتی نییە ئەم کێشانە قووڵ ببێتەوە ئێستا. تورکیا بە تەمایە کێشەی باکوور چارەسەر بکات، ئەگەر یەک تەداخولی عەسکەری بکردایە لە رۆژاوای کوردستان پرۆسەی باکووریش هەڵدەوەشاوە.

کوردستان24: کەواتە دەتوانین بڵێین ڕێککەوتنامەی شوومی جەزائیری ساڵی 1975 ئەمجارە دووبارە نەبووەوە؟

مەلا بەختیار: نا، دووبارە نەبووەوە. شانازییەکەشی لە سەدا 70 زیاتری دەگەڕێتەوە بۆ نەتەوەی کورد خۆی. تۆ سەیری ئەو سەدان هەزار کەسە بکە، لە سلێمانی لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە 700-800 هەزار کەس هاتووەتە سەر جادە. لە ئەوروپا هەر هەمووی کورد بوون. سەیری ئەو منداڵە جوانانە بکە، سەیری ئەو ئاڵا جوانانە بکە.

کوردستان24: کاتێک سیاسەت لە نەتەوە جیا دەکەیتەوە، چ دەبینیت؟

مەلا بەختیار: کاتێک نەتەوە لە حزب جیا دەکەیتەوە، وا بفەرموو کە حزبایەتیی تەسک دوور کەوتەوە لە کوردایەتیی فراوان، ئەنجامەکەی ئاوا دەبێت، سەدان هەزار کورد دەهێنێتە سەر جادە.

کوردستان24: کەواتە کورد خۆی یەک دەنگە ئەگەر حزب...؟

مەلا بەختیار: ویژدانی کورد یەک دەنگە، بەڵام هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکانی نەتەوەی کورد نەخەمڵیوە. هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکان کۆهەستیی کورد نییە جارێ، بەڵام ویژدانی کورد یەکە.

کوردستان24: لەو ماوەیەدا کە دۆخ و گێژاو و شەڕ و ململانێیەکی رۆژئاوا تێکەوت، هەر لە مانگی رابردوو، بینیمان کە کۆبوونەوەی گرنگی زۆر ستراتیژی و چارەنووسساز لە هەولێر لە پیرمام کرا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی.

مەلا بەختیار:  ئاخر بۆیە دەڵێم کاک مەسعود گەورەی نەتەوەیە. وەڵڵا ئەو کۆبوونەوەش نەبوایە باوەڕ بکە زۆر زەرەرمان دەکرد. باشە؟ باوەڕ بکە خۆزگە کاک مەسعود بافڵیشی بانگ بکردایە بۆ کۆبوونەوەکە.

کوردستان24: تۆ بۆچی زوو زوو لە قسەکانتدا ئاماژە بە ناوی کاک بافڵ دەبیت؟

مەلا بەختیار: لەبەر ئەوەی بەشێکە لە کێشەکان، بەشێکە لە ئەرکەکان، بەشێکە لە پرۆسەکە.

کوردستان24: تەنیا بەشێکە لە کێشەیە  یان لە چارەسەریش؟

مەلا بەختیار: لە هەمووی. وەرە کێشەی سەرۆک کۆمار، کێشەی حکوومەتی کوردستان، کێشەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ بافڵ چارەسەر بکە، بەبێ یەکێتی چارەسەر بکە. نابێت، قورسە.

کوردستان24: دانی پێدا دەنێیت جەنابی مەلا بەختیار؟

مەلا بەختیار: با، دان بە راستیدا دەنێم. خۆ لە راستی راکردن ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ چەواشەکردنی خەڵک دەبێت.

کوردستان24: ئێستا خەڵک چەواشە کراوە؟

مەلا بەختیار: زۆر جار بە دروشم و، تووڕەبوون و هەڵبەز و دابەز، رقابەرایەتی و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و شەڕی ناوخۆ، ئەم بەدبەختییانە دروست دەبن.

کوردستان24: ئەگەر یەکێتی داوای لێ بکردیتایە تۆ کاندیدی یەکێتی بیت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، قبوڵت دەکرد؟

مەلا بەختیار: بێگومان قبوڵم دەکرد و یەکەمین کەسیش دەچوومە خزمەت کاک مەسعوود، دەموت من کاندیدی یەکێتیم.

کوردستان24: ئەی ئەگەر داوات لێ بکرێت بگەڕێیتەوە ناو ئەو حزبە، قبوڵی دەکەیت؟ 

 مەلا بەختیار: مێژووی ئەو حزبە هی منە، هی هاوڕێکانمانە. 

کوردستان24: ئەی داهاتووی؟

مەلا بەختیار: داهاتووی دەمێنێتەوە سەر ئەو گۆڕانکارییانە، با بە راشکاوی بڵێم؛ من بافڵم بە سەرۆک قبوڵ نییە، بافڵم بە سەرۆکی یەکێتی قبوڵ نابێت، سیاسەتی ئێستای بافڵ لە کوردستان و لە عێراق رەخنەم لێی هەیە. ژیانی حزبایەتیی ناو یەکێتی رەخنەی زۆرم لێی هەیە، بۆیە دوورکەوتوومەتەوە، دوورکەوتنەوەکەشم لە سەردەمی بافڵ نەبووە، پێش سەردەمی بافڵ بووە. پێش ئەوەی بافڵ ببێت بە سەرۆک. پێش هاوسەرۆکییەکەش من دوورکەوتوومەتەوە لە مەسئولی کادری یەکێتی. خەڵک شەڕ لەسەر ئەندام کۆمیتە دەکات، من مەسئولی کارگێڕی یەکێتی بووم بە دڵخوازی خۆم وتم بای بای. ئیتر نەچوومەوە ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

کوردستان24: ئەم قسانەی کە ئێستا دەیفەرموویت رووبەڕوو بە کاک بافڵت وتووە؟

مەلا بەختیار: با، وتوومە، بەڵام قسەکانم تەواو نەکردووە. من وەک ئەو قسانەم کرد بەڵام هەرگیز کارێک ناکەم، بڕیارێک نادەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەرەر بکات، هەرگیز ناتوانم ئەوە فەرامۆش بکەم کە بافڵ و قوباد کوڕی مام جەلالن. ئەمانەشم لەبەر چاوە.

کوردستان24: وەک خۆیان قبوڵیان دەکەیت یان وەک کوڕی مام جەلال؟

مەلا بەختیار:  نا من وەکو باسم کرد، من دژایەتی یەکێتی، دوژمنایەتی یەکێتی ناکەم. من لەگەڵ هیچ دوژمنایەتییەک نەماوم، من لەگەڵ ململانێ و هەڵوێستدام. هەر کەسێ دوژمنایەتی بکات با بچێتە شاخ، بۆ ناچن؟ ئەگەر راست دەکەن ئەوانە دوژمنایەتی دەکەن، دوژمنایەتی یەکێتی و پارتی بە زمان درێژی ناکرێت، بە ستراتیژ دەکرێت. ئەمانە زمانیان درێژە بە چی دوژمنایەتی دەکەن؟

کوردستان24: جەنابی مەلا بەختیار، دوای ئەم دوورکەوتنەوەی لە یەکێتی، ئەو هەوڵەی کە دات لە سیاسەتدا کە تێکەڵ بیتەوە، پرسیارم ئەوەیە؛ مەلا بەختیار خۆی خانەنشین دەکات لە سیاسەت یان بەردەوام دەبێت و ناتوانێت بەبێ سیاسەت دانیشێت؟

مەلا بەختیار: ئەگەر کفن نشین بووم ئا. وازناهێنم لە مەبدەئی خۆم. با لات گرنگ نەبێت، مەسئولی کارگێڕی یەکێتی بووم دوورکەوتوومەتەوە. پێم بڵێ لە مێژووی یەکێتی کەسێکی تر لە پۆستێکی وا گەورە دوورکەوتووەتەوە؟ من سەرۆکی لێژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان بووم، بڕیارێکمان دا کە سیاسەت تەداخول نەکات لە کاری ئۆڵۆمپی، حزب تەداخول نەکات ئیستیقالەم کرد. یەعنی دەزانیت مام جەلال قسەیەکی چەند جوانی گوت؟ وتی "المکان بالمکین"، واتە شوێن کەس گەورە ناکات، گەورە شوێن جوان دەکات. شوێن چیه؟ پۆست چیه؟ کاتێک دەتوانیت خزمەت بکەیت لە پۆستدا بە، کە زانیت خزمەتت پێ ناکرێت خواحافیز.

کوردستان24: کەواتە تۆ بە پۆست مەلا بەختیاریت بەبێ پۆست مەلا بەختیاریت.

مەلا بەختیار: ئەوەم کە هەیت.

کوردستان24: سەنگی سیاسی مەبەستمە. 

مەلا بەختیار: ئەوەم کە هەم.

کوردستان24: با بێینە سەر گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. قسەیەکمان زۆر دووبارە کردووەتەوە، ناوچەکە دەکوڵێت، ئێستا گەیشتووەتە قوڵپدان. لەم گۆڕانکارییەی کە چاوەڕێ دەکرێت، رۆژهەڵاتێکی نوێ، کورد چاوەڕێی پەیماننامەیەکی دیکەی سیڤەر بکات؟ یان هاوشێوەی سێڤەر بۆ خۆی؟

مەلا بەختیار: بەڕێز تومباراک قسەیەکی جوان دەکات، هەرچەندە من تێبینیم لەسەر سیاسەتەکانی هەیە، قسەیەکی گوت کە ئێمە جارێکی تر سایکس بیکۆ دووبارە ناکەینەوە. ئەمە زۆر جوان بوو ئەم قسەیەی. من دەڵێم دنیا هەمووی گۆڕاوە، سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆڕاوە، جەمسەرەکان گۆڕاون. مەترسیم ئەوە نییە سایکس بیکۆیەکی تر، لۆزانێکی تر روو بدات. مەترسیم ئەوەیە ئێمە وەک کورد نەزانین لەو گۆڕانکارییانەی کە هەیه پێگەی کورد چۆن جێگیر بکەینەوە، ئەم مەترسییەم هەیە.

کوردستان24: ئێستا نەزانین لەم دۆخەدا؟

مەلا بەختیار: نەزانینی تێدایە، بەڵێ.

کوردستان24:  کورد دەڵێت سنوورەکان دەستکردن، دوو کۆ دوو یەکسانە بە یەک.

مەلا بەختیار: ئەمە قسەی شەهید پێشەوایە. بەڵام سیاسەت شیعر نییە. سیاسەت مەنتیق و ماتماتیکە. واقیعە. تۆ واقیعەکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی چۆن دەخوێنیتەوە؟ کاتێک جەنگی ساردی دووەم لە ئارادایە بە شێوەیەکی تر. جەنابی تڕەمپیش تڕەمپیزمی دوای ئیمپریالیزمە، پۆست ئیمپریالیزمە. تۆ سەیر بکە هەر بە ئاشکرا دەڵێت "بە زۆر ئاشتی دەسەپێنم". 

کوردستان24: زۆر جاریش قسەیەکی هەیە دەڵێت بۆ ئەوەی ئاشتی بەدەستبهێنم هێز بەکاردەهێنم.

مەلا بەختیار: ئەمە خۆی لە ئەسڵا لە ساڵی 1982 قسەی کۆمارییەکانە لە سەردەمی ریگن، ئێستا ترەمپ ئەوە زۆر بە فراوانی دەسەپێنێت نەک جێبەجێی دەکات و زۆریش سەرکەوتوو بووە لە هەندێک شوێندا. بۆیە ئێمە لە بەرامبەر ئەمەدا ئەگەر هات و یەخەی عێراق و بەشێکیشی یەخەی کوردستانی گرت ئێمە چی دەکەین؟ دەتوانین ئەمە بڵێین ناکەین؟ ناتوانین. لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت بزانین ئابووری کوردستان، پێگەی کوردستان، جوگرافیای سیاسی کوردستان، حزبە کوردستانییەکان و هێزە کوردستانییەکان چۆن دەتوانین لە ناو ئەو پرۆسەی دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێی بکەینەوە؟ شوێنمان بۆ نەکەنەوە پەراوێز دەخرێین.

کوردستان24: ئێستا ئێمە خۆمان شوێنمان هەیە؟

مەلا بەختیار: شوێنمان هەیە بە گشتی، بەڵام بە وردەکاری کە دیزاینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، عێراق دەکرێت، نۆرەی تورکیا دێت تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ بەرەو چ قۆناخێک دەڕوات؟ نۆرەی ئێران دێت، نۆرەی سووریا. ئێستا سووریا تڕەمپ بە ئاشکرا دەڵێت مەرکەزییەتی حکوومەتی سووریام لا گرنگە. و دەڵێت لە عێراقیش ئەمەم دەوێت. یەعنی دەوڵەتی سەنتراڵی لای سەرۆکی ئەمریکا تا سێ ساڵی تر ئێمە دەبێت هەناسەمان لەگەڵ بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتی سەنتراڵی لە ناوچەکەدا درێژ بکەینەوە. بۆ ئەوەی لێکەوتەکانی دەوڵەتی سەنتراڵی کەمتر زەرەر لە ئێمە بدات و جێی ئێمەش بکرێتەوە دەبێت سیاسەتی نێودەوڵەتیمان وا بێت کە تێ بگەین کاکە ئێمەش دەتوانین بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزین ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر چی وەستاون بۆ ناچن جەولەیەکی ئەوروپا بکەن؟ تەنیا لەسەر ئەوە وەستاون کە رێککەوتنێکی تازە هەیە؟ ئەمە کۆتاییەکەیەتی پێیان وابێت؟ بە رای من دەبێت شاندێکی باڵایان بڕوات یەکەم وڵات بۆ ئەمریکا بڕوات و پاشان بۆ بەلجیکا و بۆ یەکێتی ئەوروپا بڕوات بۆ فەرەنسا و بریتانیا بڕوات و تێیانبگەیەنێت ئەگەر مافی کورد بدرێت سووریا تێکنادەین و مەترسیش نابین بۆ سەر بەرژەوەندی هیچ دەوڵەتێک لە ناوچەکە.

کوردستان24: بەڵام باس لەمەش دەکرێت کە مەرکەزییەت بۆ کورد بە قەد داعش بۆ کورد مەترسییە ئێستا من وا تێگەیشتم کە کورد لو دووڕیانێکدایە جا ئەم دووڕیانە داخراوە یاخود تێکەڵە؟

مەلا بەختیار: تێکەڵە. جاران هیچ رێگەیەکی داخراو وەک جاران نەماوە، هەموو رێگەکان تەراتێنی تێدا دەکرێت.

کوردستان24: دەڵێن هەموو رێگەیەک دەچێتەوە بانە؟

مەلا بەختیار: هەموو رێگەیەک دەچێتەوە بانە، دەچێتە رۆما.

کوردستان24:  ئێستا دەچنە واشنتن هەموو رێگەکان بەڕێز مەلا بەختیار.

مەلا بەختیار: ئیستا لە رووداو هەبوو شێخ محەممەد، وایە؟ ئەو تەقدیمی دەکات، قسەیەکی جوانی هەیە دەڵێت ئێستا هەموو رێگەکان دەچێتەوە بۆ پارە!

کوردستان24: باشە ئەتوانی بڵێی هەموو رێگەکان دەچێتە واشنتن؟ 

مەلا بەختیار: هەموو رێگەکان دەچێتەوە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی، بەرژەوەندی هاوبەشەکان. تۆ باوەر بکە، قسەیەکی چەرچڵ هەیە، سەرۆکوەزیرانی زەمانی جەنگی دووەمی جیهانی بەریتانیا، دەڵێت: دۆستایەتی هەمیشەیی و دوژمنایەتی هەمیشەیی لە سیاسەتدا نییە، بەرژەوەندی هاوبەشی هەمیشەیی هەیە لە سیاسەتدا. چەند جوانە. 

کوردستان24: بەرژەوەندی هاوبەشمان پاراستووە؟ 

مەلا بەختیار: باشە، باشە ئێستا. 40 هەزار کۆمپانیا لە کوردستان و عێراق هەیە. کەمە؟ زۆرە، پاراستوومانە. 

کوردستان24: با بێینە سەر گوتاری هاوبەش، بەڕێز مەلا بەختیار، مەبەستم هەر چوار پارچەی کوردستانە، تەنیا هەرێمی کوردستان و باشوور نییە. لەم قۆناخەدا تۆ گوتاری هاوبەش دەبینیت؟

مەلا بەختیار: پڕۆژەی هاوبەش دەبینم، ئەمەش گرنگە. 

کوردستان24: بەڵام پەرۆشی لە گوتار جیاواز نییە؟

مەلا بەختیار: با جیاوازە، بەڵام پرۆژەت هەبێت رێگە خۆشکەرە بۆ گوتاری هاوبەش. من لەگەڵ ئەوە نیم گوتاری هاوبەش دانیشین و ستراتیژی نەتەوەیی هەر چوار پارچە دابڕێژین و بە دەوڵەتەکانی دەوروبەرمان بڵێین وا ئێمە یەکمان گرت  و ئێوە خوا هاوار بە حاڵتان. ئەمە ناچێتە سەر. نابێت. دەبێت پرۆژەی هاوبەشمان هەبێت لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتن بۆ ئەوەی کەمترین کێشە لە نێوانماندا هەبێت، زۆرترین بەرنامەی هاوبەشمان هەبێت بۆ ئەوەی هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان کێشەکانی لە ناو وڵاتی خۆیدا لەم قۆناخە چارەسەر بکات.


کوردستان24: بەڕێز مەلا بەختیار، تۆ لەگەڵ کۆنگرەی نیشتیمانیت؟ تا ئێستا کورد  هەر چوار پارچەکە کۆنگرەی نیشتیمانی نەبووە.

مەلا بەختیار:  من یەکەمین کەس بووم جەنابی ساڵح موسلمم دەعوەت کرد بۆ سلێمانی. کاک مەحموودی حاجی ساڵح و کاک عومەر ئەحمەد کە ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی هەڵەبجەیە  لە کۆبوونەوەکان بوون لەگەڵمدا. وەفدێکیان هات، ئێمەش دانیشتین لەگەڵیاندا. من، بەڕێزان عومەر فەتاح و حاکم قادر و خەڵکی تر دانیشتین لەگەڵیاندا. من موستەحیلم سەرف کرد لەگەڵیان، یەکەم نەرم بن، دروشم و هین و ئەم رەسم و مەسمانە واز لێ بهێنن لە خزمەتی خەڵک بکەن، پێویستییەکانی خەڵک دابین بکەن، سەر لە بەغدا بدەن، سەر لە ئەنقەرە بدەن، سەر لە تاران بدەن، ئەگەر پێویستیشی کرد سەر لە دیمەشقیش بدەن. زۆر هەوڵمان لەگەڵ داون. یەکێک لە کێشەکانیان لەگەڵ پارتی زۆر ناکۆک بوون. تەبعەن من لە نێوان پارتی و پەیەدە، لە نێوان پارتی و پەکەکە زۆر هەوڵم داوە ناکۆکییەکان کەم بکرێنەوە، هەم جەنابی کاک مەسعود دەیزانێت، هەم برادەرانی قەندیل دەیزانن، هەم برادەرانی قامیشلۆیش دەیزانن. زۆر هەوڵم لەگەڵ ساڵح موسلم دا، ئەو کاتە نەم توانی کاریگەریم هەبێت. خۆشبەختانە دوو هەفتە لەمەوبەر ساڵح موسلم بە ئەو توندییەی کە هەیبوو دەڵێ دەبێت کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین و کاک مەسعود بکەین بە سەرۆکی نەتەوە. پاش ئەوەی لە کوێ باشە ئەمەت لە کوێ ئەمەت لە کوێ؟  من لەگەڵ ئەوەم پێش ئەوەی کۆنگرەکە ببەستین دانیشین وردەکارییەکەی باس بکەین چ شتێکی هاوبەش لە کۆنگرەکە بکەین بە پرۆگرامی هاوبەشمان. نابێت ئێمە کۆنگرەی هاوبەش بکەین خۆمان لە ئاستی رووداوەکان نەبین و زۆرترین دوژمن بۆ خۆمان پەیدا بکەین.

 

کوردستان24: قەندیل دروست بڕیاریدا لە ئەم قۆناخەدا؟ بە کورتی وەڵامم بدەرەوە.

مەلا بەختیار: بە راستی جەنابی ئۆجەلان لە ئاستی قۆناخەکە و لە ئاستی رووداوەکە بوو، بەڵام هێشتا تورکیا نایەتە پێشەوە ئەو کێشەکەیە. تۆ بیرت بێت من 10 ساڵ لەمەوبەر لە ئەنقەرە لە کۆنگرەی هەدەپە وتم؛ وەڵڵا ئازادی دەکەن، وەڵڵا دەشڵێن، تیرۆریست نییە ئەوانەم هەموو گوتووە من.

کوردستان24: جەنابی مەلا بەختیار، زۆر باس لە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، بەبێ چارەسەری دۆزی کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت؟

مەلا بەختیار: نەخێر، ئەوەتا بەبێ چارەسەری دروزییەکان ئارامی لە ناوچەکەدا نابێت شوێنی جوگرافیی درووزیەکان و ژمارەیان بەراورد دەکرێت بە هەر چوار پارچەی کوردستان؟  فەلەستین فەرموو کێشەکەی چارەسەر ناکرێت ئەوەتا سەد شەڕی بەدوای خۆیدا هێنا. فەلەستین هەر بەراورد ناکرێت بە کورد. جوگرافیای فەلەستین هەمووی کۆبکرەوە بەوانەشی لەدەرەوەن ئەوپەڕی 12 ملیۆن کەسن جوگرافیای فەلەستین بەوەشی دەستی لێشووشتووە

بەراورد ناکرێت بە رۆژاوای کوردستان. ئەی باقی پارچەکانی کوردستان؟ سەرچاوەی ئابووری کوردستان زۆرە.

کوردستان24: چەند خولەکێکم ماوە لەگەڵت، چەند پرسیارێکی کورت با خێرا گوزەرێکی تر بکەینەوە بە ناوخۆدا. لە ماوەی رابردوو بینیمان، یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ ڕێککەوتنێکیان کرد، ئەم ڕێککەوتنە ستراتیژی بوو یاخود تاکتیک بوو لە دیدی تۆوە؟

مەلا بەختیار: من رێککەوتنم نەدیوە تا هەڵیبسەنگێنم. کاک شاسوار لە زیندان هاتووەتە دەرەوە و فراکسیۆنێکی هاوبەشیان راگەیاندووە. بەڵام ئەوە رێککەوتن نییە، رێککەوتن بنەمای هەیە رەهەندی  هەیه. 

کوردستان24: تاکتیکی سیاسییە؟ 

مەلا بەختیار: بێگومان تاکتیکە، ستراتیژییەکەی لە کوێیە؟ ستراتیژ گاڵتەیە؟ تاکتیکی سیاسی ئەگەر بە ئاراستەیەکی پۆزەتیڤدا ببرێت خزمەت دەکات. من کاتی خۆی گۆڕان و یەکێتی رێککەوتن نەچووم بۆ رێککەوتنەکە. سەبەبەکەی ئەوە بوو ئەترسام یەکێتی و گۆڕان و پارتی بە تەواوەتی تێبچن. ئێستاش ئەگەر رێک دەکەون کێشەی سیاسی چارەسەر دەکەن، کاک شاسواریش مڵک و ماڵی تاڵان نەکرێت، ئەهڵەن وەسەهلەن، بەڵام ئەگەر ناکۆکییەکان قووڵ بکەن، وەڵڵا ئەو رێککەوتنەمان ناوێت.

کوردستان24: کەواتە بەڕێز مەلا بەختیار ئامۆژگاری سیاسی چییە لەم دۆخە بۆ یەکێتی؟ چونکە هەمیشە دەڵێیت؛ "من زیان لە یەکێتی نادەم". و خۆشت بە خاوەنی ئەو حزبە دەزانیت.

مەلا بەختیار: من خۆم بە خاوەنی مێژووی ئەو حزبە دەزانم، کێلی هەر شەهیدێکی یەکێتی دەبینم سەری بۆ شۆڕ دەکەم. بەلای قەبری مەلا موستەفایا دەڕۆم دڵم تەنگ دەبێت ئەمە ویژدان و ناخ و ئەخلاقمە بەڵام بە ڕاستی خۆم بە هیچ شێوەیەک خۆم نابەستمەوە بە سیاسەتی ئێستای یەکێتی بەڵام ئەگەر دانیشتن بکرێتەوە شەفاف بین لەگەڵ یەک قسەم زۆرە.

کوردستان24: بەس گوێم لە ئامۆژگاری سیاسی نەت بوو بۆ یەکێتی.

مەلا بەختیار: خۆیان گوێ ناگرن ئامۆژگاری چی بکەم.

کوردستان24: تۆش ناتەوێت قسەیەک بکەیت کە گوێی لێ نەگیرێت؟ 

مەلا بەختیار: نەخێر، هیچ پێویست ناکات.

کوردستان24: چاوەڕێ بکەین هێشتا بەڕێز مەلا بەختیار ئەگەر هەر دەرفەتێکی تر وەک ئەمەی بۆ سەرۆک کۆمار هاتە پێشەوە کاری بۆ دەکەیت؟

مەلا بەختیار: بەبێ رەزامەندیی یەکێتی و پارتی نایکەم. و ئەگەر شانسیشم هەبێت بۆ دەرچوون، یەکێتی و پارتی دوو کاندیدی جیاوازیان هەبێت، من مونافیسی هیچ لایەکیان ناکەم.

کوردستان24: گەیشت، تەواو. من سوپاست دەکەم، بەڕێز مەلا بەختیار سوپاس کە ئامادە بویت.