هێمن سەید موراد: ئەمساڵ زیاتر لە 100 تۆن گوڵ لە ناوخۆدا بەرهەم هێنراوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی رۆژی ڤالانتاین 14ـی 2، پرسی بەرهەمی ناوخۆیی گوڵ و دابینکردنی پێداویستیی بازاڕەکان دەبێتە جێی بایەخ. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی گوڵدایە، بەڵام ئێستا چەندین پڕۆژە بە ستانداردی جیهانی و هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی بەرهەمهێنانن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە پڕۆژە ناوخۆییەکان سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی پێداویستی بازاڕن، بەڵام هێشتا بەرهەمی ناوخۆ نەگەیشتووەتە ئاستی پڕکردنەوەی تەواوی خواستەکان، هەر بۆیە هاوردەکردنی گوڵ لە دەرەوەی وڵات هێشتا بەردەوامە.
هێمن سەید موراد گوتیشی: "ئێمە هانی وەبەرهێنەران دەدەین دەستپێشخەری بکەن و ژمارەی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی گوڵ زیاد بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا تەواوی پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکەین و ئاستی هاوردەکردن کەم بکەینەوە."
سەبارەت بە ئاماری بەرهەمهێنان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر روونی کردەوە؛ ساڵانە قەبارەی هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنان گەیشتووەتە دوو هەزار و 218 تۆن و تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 100 تۆن گوڵ بەرهەم هێنراوە کە سەدا 100ـی بەرهەمی ناوخۆیی بووە.
لەبارەی جۆری ئەو گوڵانەی لە ناوخۆدا دەچێنرێن، ئاشکرای کرد، پڕۆژەکان زیاتر جەخت لەسەر بەرهەمهێنانی گوڵی رۆز و بەیبوونی قەبارە گەورە و چەندین جۆری دیکەی هاوشێوە دەکەنەوە کە خواستی زۆریان لەسەرە.
لای خۆیەوە جەوهەر مەحمود، سەرپەرشتیاری گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی: بەگوێرەی نوێترین ئامارە فەرمییەکان دەربارەی هاوردەکردنی کاڵا بۆ ساڵی 2025، بڕێکی بەرچاو لە گوڵی سروشتی و خونچە هاوردەی وڵات کراوە، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە زیاتر لە سێ هەزا ر و 344 تۆن.
هەر بەگوێرەی داتاکانی نێو پوختەی ئاماری هاوردەکردن، پۆلێنکردنی گوڵە هاوردەکراوەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
1- گوڵی سروشتی تەڕ: ئەم جۆرە زۆرترین رێژەی هاوردەکردنی تۆمار کردووە، کە بڕی 2،286،436 کیلۆگرام، واتە دوو هەزار و 286 بووە.
2- گوڵ و خونچەی سروشتی لێکراوە (بێ ڕەگ): لە پلەی دووەمدا دێت و بڕی 1،058،350 کیلۆگرام واتە یەک هەزار و 058 تۆن لێ هاوردە کراوە.
ئەم ئامارانە نیشاندەری بەردەوامیی خواستی بازاڕن لەسەر بەرهەمە سروشتییەکان و گوڵ، کە ساڵانە بڕێکی زۆری بودجە بۆ دابینکردنیان لە دەرەوە تەرخان دەکرێت.
ئەم هەنگاوانەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بە مەبەستی گەیشتن بە خۆبژێوی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.