ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە: سوودانی درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەکەی رەتکردووەتەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، سوودانی بیرۆکەی درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەکەی رەتکردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، سامی سەلام، ئەندامی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشنیازی درێژکردنەوەی وادەی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، خواستی هەموو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نییە و تەنیا پێشنیازی چەند لایەنێکە؛ هاوکات جەختی لە رەتکردنەوەی تەواوەتیی ئەو بابەتە کردەوە لەلایەن سوودانییەوە.

ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە گوتی: بە هیچ جۆرێک گفتوگۆ لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەت نەکراوە، بەڵکوو باس لە بابەتی پۆستی سەرۆککۆمار، ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە و ئێران، لەگەڵ کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و هەرێمی کراوە.

هاوکات لەگەڵ دەنگۆی دیاریکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا نیگەرانیی خۆی نیشان داوە و رایگەیاندووە، بە هەڵبژاردنی نووری مالیکی بە سەرۆکوەزیران، چیتر ئەمریکا هاوکاریی عێراق ناکات.

سەرباری ئەمەش، بەگوێرەی گوتەی سامی سەلام، مانەوەی نووری مالیکی بە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ مەترسییەک بۆ سەر عێراق دروست ناکات و کێشەکانی نێوانیان پەیوەستە بە بابەتی سیاسی و ئەمنییەوە، دیارترینیشیان پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێرانە.