تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەک گۆڕی بە کۆمەڵ بە نادیاری ماوەتەوە
سهرهڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، تا ئێستا 150 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام کەمتەرخەمیی حکومەتی عێراق بووەتە مایەی گلەیی و داوا دەکرێت سەرجەم گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە و پشکنین بۆ ڕووفاتەکان بکرێت، هەروەها هەندێک گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە تا ئێستا لەلایەن عێراقەوە تۆمار نەکراون.
عەدالەت عومەر راوێژکار لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند: دەزگای شەهیدانی عێراق تاوەکوو ئێستا کارێکی جیددی نەکردووە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، پێویستە لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کاری جیددی لەسەر بکرێت یان پەرلەمانی عێراق بە یاسا رێکی بخات.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق باشتر بکرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم تەنیا نوێنەرێکی لەو بەڕێوەبەراتییەدا هەیە، بۆیە پێویستەرۆڵی زیاتری هەبێت، چونکە ئەگەر عێراق نەیوێت گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵداتەوە، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناتوانێت هیچ گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵداتەوە.
باسی لەوەش کرد، پێویستە لە پەرلەمان ئەم یاسا هەموار بکرێتەوە و هەرێمی کوردستانیش هاوشان بکرێت لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی عێراق.
لەلای خۆیەوە، میرزا دنایی، سهرۆكی كۆمهڵهی پێكهوهژیان له شنگال بە کوردستان24ـی گوت:گۆڕە بە کۆمەڵەکانی خانەی سوور تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق دانی پێدا نەنراوە، تەنانەت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی لە مانگی شوباتی 2015 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدراونەتەوە تاوەکوو ئێستا دانیان پێدا نەنراوە، پێویستە فشار لە حکوومەتی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا مافی ئەو خەڵکە بدرێت.