فوئاد حوسێن: جموجووڵی چەکدارانی داعش لە سووریا زیادی کردووەتەوە
فوئاد حوسێن: کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ پرسێکی ناوخۆییە
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: پرۆسەی گواستنەوەی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی رێکخراوی داعش، لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق بەردەوامە و لەگەڵ چەند وڵاتێک لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا هاووڵاتییەکەنیان رادەست بکەیەنەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە"بەغدا پێویستی بە هاوکاریی دارایی زیاترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی زیندانیانی داعش کە دەگوازرێنەوە عێراق".
هۆشداریشیدا لەوەی، لەم دواییانەدا جموجووڵی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە سووریا لە زیادی کردووەتەوە.
لە بارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی عێراق و پەیامەکانی ئەمریکا، فوئاد حوسێن گوتی" هەرچەندە بەغدا بە جیددی مامەڵە لەگەڵ پەیامەکانی ئەمریکا دەکات، بەڵام پرسی کاندیدکردنی نووری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بابەتێکی ناوخۆییە".
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە 21ی کانوونی دووەمی 2026 فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پرۆسەی زیندانیانی داعشی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق راگەیاند، هەرچەندە وەزیری دەرەوەی عێراق لە قسەکانیدا بۆ رۆیتەرز ئاماژەیداوە، زیاتر لە سێ هەزار ئەندامی داعش لە زیندانەکانی سووریا گوازراونەتەوە عێراق، بەڵام ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 5064 زیندانی داعش گواستراونەتەوە و سەرجەمیان لە یەک زیندان کۆ کراونەتەوە، بەڵام زیاتر لە سێ هەزاریان خەڵکی سووریا و وڵاتانی بیانین.