بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراکی هەولێر کارا کرانەوە
بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک خزمەتگوزارییەکانی سیستەمی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک راگیرابوو، ئێستا خزمەتگوزاری (بلۆککردن و لابردنی بلۆک و سڕینەوەی ناوی مردوو) بەردەستە دووبارە کارا کرایتەوە
هەینی 13ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق خزمەتگوزارییەکانی نیو ئەپڵیکەیشنەکەی کارا کردەوە و ئێستا لە پارێزگای هەولێر تەنیا خزمەتگوزاری (بلۆککردن و لابردنی بلۆک و سڕینەوەی ناوی مردوو) بەردەستە، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی وەکوو زیادکردنی منداڵ و مامەڵەی زەواج و گواستنەوەی بریکار جارێک بەردەست نییە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت بۆ ماوەیەک خزمەتگوزارییەکانی سیستەمی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە سیستەمی پارەدانەکە ڕاگیرابوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە فەرمی دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی راگرتنی بەشەخۆراک، هەڵگرتنی راگرتن و سڕینەوەی ناوی مردووانی لە سەرجەم لقەکانی دابەشکردنی خۆراک راگەیاند.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو بڕیارەدا، خزمەتگوزاریی "زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ" لە رێگەی بەرنامەی ئەلیکترۆنیی کارتی بەشەخۆراکەوە لە نۆ لقی دیاریکراو کارا کراوە. لقەکان بریتین لە: (دهۆک، هەڵەبجە، بەلەد، سەڵاحەددین، واست، میسان، زیقار، بابل و دیوانیە).