وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سووریا بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوە
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسساز لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەندین پرسی هەستیاری پەیوەست بە ئایندەی ناوچەکە و قەیرانی سووریا تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی شوباتی 2026، لە شاری میونشنی ئەڵمانیا و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی، لووتکەیەکی سێقۆڵی لە نێوان شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات و وەزیرانی دەرەوەی واشنتن و دیمەشق بەڕێوەچوو. ئەم دیدارە بە یەکێک لە گرنگترین جووڵە دیپلۆماسییەکان دادەندرێت کە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و سووریا و هەسەدە لەسەر یەک مێز کۆدەبنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە مەزڵووم عەبدی و هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سووریا، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەشدار بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە چەند وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا شاندی باڵای هەردوولا دەردەکەون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتین لە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا، پرسی ئاسایشی ناوچە کێشە لەسەرەکان، و هەماهەنگییە سەربازی و سیاسییەکان لە قۆناغی داهاتوودا.
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە فەرماندەی گشتیی هەسەدە و وەفدی یاوەری، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەردەوام دەبن لە زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و ناوچەکە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی سانا بڵاوی کردووەتەوە، شاندی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی، لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دیارترین پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان کرا و هەردوولا جەختیان لە یەکپارچەیی، سەروەری و پاراستنی سەلامەتیی خاکی سووریا کردەوە.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، لایەنی ئەمەریکی پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەیان بۆ حکوومەتی سووریا و ڕێککەوتنی تێکەڵبوونی ئەم دواییەی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دووپات کردەوە.
ئاماژەشی داوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق و چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە کایە جیاوازەکاندا، بە ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.