شایستە داراییەکانی بریکارانی خۆراک بۆ پێنج هێندە زیاد دەکرێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی بریکارانی خۆراک دەرکرد و رەزامەندی نیشاندا لەسەر زیادکردنی "قازانجی خزمەتگوزاری" ئەوانەی لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون، بە بڕی پێنج هێندەی پێشوو.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، سوودانی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر زیادکردنی بڕی شایستەی دارایی (قازانجی خزمەتگوزاری) بریکارانی خۆراک لە کاتی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکدا. بەپێی بڕیارەکە، قازانجی هەر بریکارێک لە 50 دینارەوە بۆ 250 دینار زیاد دەکرێت.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم زیادکردنە هیچ تێچوویەکی دارایی بۆ سەر خەزێنەی دەوڵەت نابێت. هاوکات، سەرۆکوەزیران وەزارەتی بازرگانی راسپاردووە کە بابەتەکە بە فەرمی بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی و فەرمی لەبارەوە بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم هەنگاوەی حکوومەت لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی بریکارانی خۆراک و باشترکردنی پرۆسەی دابەشکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان بەسەر هاووڵاتیاندا دێت، بەبێ ئەوەی بارگرانی بۆ سەر بودجەی گشتیی دروست بکات.