رۆیتەرز: ئەمریکا داوای لە حکوومەتی سووریا کردووە نەرمی بەرانبەر داواکارییەکانی کورد بنوێنێت
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا دەیەوێت لە سووریا ئۆتۆنۆمی بە کورد بدرێت.
شەوی رابردوو (هەینی، 13ی شوباتی 2026)، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەچوو. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، مارکۆ روبیۆ داوای لە شاندی حکوومەتی سووریا کردووە، نەرمی بەرانبەر داواکارییەکانی کورد بنوێنن.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەمریکا تا ئێستا رازیە لەو بەرەوپێشچوونانەی لە پرۆسەی یەکخستنەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها رازییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی مانگی رابردوو.
ئەو سەرچاوەیە تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی، ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدایە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بەکورد بدرێت بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر دەسەڵاتی ناوەندیی دیمەشق دروست ببێت.
لەبارەی دیدارەکە، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان و مسۆگەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی، لە سەرووی هەموویانەوە کورد و درووزەکان، تاوتوێ کراوە.
مەزڵووم عەبدی خۆیشی کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی و بەرهەمدار" وەسف کرد. هاوکات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و لەسەری نووسی: "وێنەیەک هەزار وشە دەهێنێت - سەرەتایەکی نوێ".
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت، رۆژی 30ی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر. رێککەوتنەکە ئاگربەست، یەکخستنی پلە بە پلەی هێزە سەربازی و ئیدارییەکان، گەرەنتیکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکانی لەخۆگرتبوو.