مارکۆ روبیۆ: ئەمریکا و ئەوروپا چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە

(وێنە؛ ئەرشیف مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا)
(وێنە؛ ئەرشیف مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا)

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە وتارێکی گرنگدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، هۆشداری دا سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای جیهان و رایگەیاند؛ مرۆڤایەتی ئێستا رووبەڕووی ململانێیەک دەبێتەوە کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە.

روبیۆ لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: "نەتەوەیەک هەیە خێراترین گەشەی سەربازی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمارکردووە و هەموو تواناکانی بەگەڕخستووە، لە بەکارهێنانی هێزیش بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی درێغی ناکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر کێشە ناوخۆیی و سنوورییەکانی وڵاتەکەی و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پێشوو گرت و گوتی: "ئێمە دەرگاکانمان بەڕووی شەپۆلێکی بێ وێنەی کۆچبەراندا کردۆتەوە کە مەترسی راستەقینەی لەسەر یەکێتیی کۆمەڵگاکەمان و داهاتووی گەلەکەمان دروست کردووە."

هەروەها جەختی کردەوە لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، ئەمریکا قۆناغێکی نوێی "نوێبوونەوە و چاکسازیی گشتگیر" لە ئەستۆ دەگرێت بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی بەهێزی وڵاتەکە.

سەبارەت بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و کیشوەرە کۆنەکە، روبیۆ پەیامێکی روونی ئاراستەی سەرکردەکانی ئەوروپا کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا و ئەوروپا پێکەوە سەر بە شارستانیەتی رۆژئاوان و چارەنووسمان هاوبەشە. ئێمە دەمانەوێت ئەوروپایەکی بەهێز ببینین، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی هەردوولاماندایە."

مارکۆ روبیۆ هۆشداری دا بەو لایەنانەی هەوڵی تێکدانی سەقامگیری جیهانی دەدەن و گوتی: "رێگە نادەین ئەو کەسانەی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە، یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک پەناگەیەک بۆ خۆشاردنەوە بەکاربهێنن."