نێچیرڤان بارزانی و شەیبانی جەختیان لە گرنگیی پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە سووریا کردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی سووریا، پەیوەندییەکانی نێوانیان و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کرد، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی تەنگژەکانی سووریا و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان کردەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 14ی شوباتی 2026، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی تەنگژەکانی سووریا و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان کردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی مرۆییی ئاوارەکان و برەودان بە دیالۆگی نیشتمانی لەپێناو داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ وڵات کرا. هەروەها وەزیری دەرەوەی سووریا ستایشی ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە و هاوکاریکردنی ئاوارەکان و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، هیوای سەرکەوتن و ئارامی و سەقامگیریی بۆ سووریا خواست، هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریای یەکگرتوودا کردەوە.