لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێناتی ئەمریکا: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و شەیبانی مێژوویی بوو

شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ شاندی هاوبەشی هەسەدە و سووریا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، سزاکانی ناسراو بە یاسای قەیسەر لە بودجەی بەرگریی ساڵی 2026دا هەڵوەشێنراونەتەوە.

شەممە 14ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین، ئەندامی باڵای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران و بە بەشداریی سیناتۆران تۆم تیلیس، کریس کونز، کریس مێرفی، مارک کێلی و جیم هایمس و سارا جاکۆبس، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە.

سیناتۆر جین شاهین لە راگەیەندراوێکدا، پێشوازی لەم دیدارە کرد و بە مێژووی وەسفی کرد و رێککەوتنەکەی دیمەشق و هەسەدەی بە هەنگاوێکی گرنگ ناساند بۆ ئاشتەوای نیشتمانی و دروستکردنی سووریایەکی یەکگرتوو کە پارێزگاری لە هەموو گەلەکەی بکات.

شاندەکەی ئەمریکا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆکان، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و بەرەوپێشچوون لە حوکمڕانیی گشتگیر و پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا.

لە بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، سیناتۆر شاهین سەرنجی خستە سەر هەوڵە سەرکەوتووەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر لە چوارچێوەی یاسای رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2026.

شاهین ئاماژەی بەوە دا، سزاکانی سەردەمی ئەسەد ببوونە رێگر لەبەردەم بووژانەوەی ئابووری و وەبەرهێنان لە دوای رووخانی رژێمەکە.

سیناتۆرە باڵاکەی ئەمریکا روونیکردەوە، ئامانج لە لابردنی ئەو سزایانە ئەوەیە کە دەرفەتێکی راستەقینە بە گەلی سووریا بدرێت بۆ بنیاتنانەوە و سەقامگیریی درێژخایەن، هەروەها بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت داعش پەناگە دروست بکات و بەرەنگاریی هەژموونی ئێران و رووسیاش بکرێتەوە.

هەر لەو بارەوە، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە بارەی کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی سووریا کە پێکهاتوون لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریا (هەسەدە) و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئیلهامە ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ شاندی سیناتی ئەمریک بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئامانج لەم هەوڵانە فەراهەمکردنی ئاشتیی بەردەوام، سەقامگیری و خۆشگوزەرانییە بۆ سەرجەم خەڵکی سووریا؛ دەشڵێت: ئەمەش بە یەکگرتوویی ئەنجامی دەبێت.