عراقچی: دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا "ئەرێنی و جیددی" بوون

وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، وردەکاریی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتنی تاوتوێ کرد و جەختی لە پشتیوانیی عێراق بۆ سەرکەوتنی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە.

شەممە، 14ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێ گەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاریی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان شاندی وڵاتەکەی و شاندی ئەمریکای خستە روو و وێنەیەکی گشتگیری لە بارەی کەشی گفتوگۆکان و بابەتە باسکراوەکان پێشکەش کرد، بە تایبەتی ئەنجامی گەڕی کۆتاییی دانوستانەکان کە لە سەڵتەنەتی عوممان بەڕێوە چوو و بە "ئەرێنی و جیددی" وەسفی کرد.

هەروەها هەردوو لا هەنگاوەکانی داهاتوویان تاوتوێ کرد، لە نێویاندا ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە شاری جنێڤ، هاوکات جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ کردەوە بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئەنجامی بنیاتنەر و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزتر بکات.

لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگیی گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی جنێڤ کردەوە و پشتیوانیی تەواوی عێراقی بۆ پرۆسەی دانوستانەکان دووپات کردەوە، هیواشی خواست پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت و لە خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا بێت.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە تەرخان کرا بۆ پرسی زیندانیانی داعش؛ وەزیری دەرەوەی عێراق هاوتا ئێرانییەکەی لەو ڕێکارانە ئاگادار کردەوە کە حکوومەتی عێراق بۆ گواستنەوەی زیندانیانی رێکخراوی "داعش" بۆ ناو عێراق گرتوونیەتە بەر. ناوبراو دڵنیایی دا کە ئەو زیندانیانە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی عێراقدان و بەپێی حوکمەکانی یاسای عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.