دۆسیەی ئەمنی شارۆچکەی چل ئاغا و گوندەکانی رادەستی ئاسایشی ناوخۆ کرا

ئەندامێکی ئاسایشی ناوخۆ لە شارۆچکەی چل ئاغا
ئەندامێکی ئاسایشی ناوخۆ لە شارۆچکەی چل ئاغا

دۆخی رۆژئاوای کوردستان هێوربووەتەوە و جێبەجێکردنی قۆناخەکانی رێککەوتننامەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا بەردەوامە، لە هەنگاوێکی نوێی رێککەوتنەکەدا، سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە گوندی باقلەی سنووری شارۆچکەی چل ئاغا کشانەوە و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکەیان رادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد.

هێزەکانی هەسەدە بە تەواوی لە گوندەکانی چل ئاغا دەرچوون و سوپای سووریاش بەرەو شارۆچکەی شەدادێی باشووری پارێزگای حەسەکە کشاونەتەوە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی و خەڵکی ناوچەکەش، دۆخەکە ئارامە و قۆناخەکانی رێککەوتن بە باشی و بێ گیروگرفت جێبەجێ دەکرێن.

لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هەردوولایەنی رێککەوتنەکە، وائیل سیلۆ ئەندامی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، کە دۆسیەی ئەمنی شار و شارۆچکە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیان پێسپێردراوە، بۆ کوردستان24 گوتی "وەک هێزەکانی ئاسایش هاتووین گوندی (باقلا)مان وەرگرتووە، پێشتر هەڤاڵانی هەسەدە لێرە بوون و ئەوان کشانەوە، لە بەرانبەردا هێزەکانی سوپای سووریاش پاشەکشەیان کردووە، ئێستا ئاسایشی ناوخۆ شوێنی هێزەکانی هەسەدە پڕ دەکەنەوە". 

گوتیشی "جێگیربوونی هێزی ئاسایشی ناوخۆ بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدەیە لە رۆژانی داهاتوودا دەچینە گوندەکانی دیکەی چل ئاغا و ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێ دەکەین".

دوای چەند رۆژێک لە شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریا، دۆخی ئەو ناوچانەی کەوتبوونەی مەیدانی پێکدادانەکان، هێدی هێدی ئاسایی دەبێتەوە و خەڵکی ئاواربووی شارۆچکەی چل ئاغا، پەیتا پەیتا دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و ئیشوکارەکانیان.

حەمید عیسا کە دوکاندارێکی بازاڕی ناوەندی شارۆچکەی چل ئاغایە، دەڵێت " چەند رۆژێکە دۆخەکە ئارامە و هێدی هێدی ئاسایی دەبێتەوە، ئەوانەی ئاوارەبوون دەگەڕێنەوە شارۆچکەکە، ئێستاش دوای گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی جووڵەی بازاڕ دەستیپێکردووەتەوە و هیودارین رێککەوتنەکە سەربگرێت، چونکە لەبەرژەوەندی هیچ لایەن و کەسێک نییە، هەمووان سەقامگیریمان دەوێت لە ناوچەکەدا و دۆخەکەمان وەک جارانی لێ بێتەوە".

قۆناخی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا لە لایەنی سەربازیی بە کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریا لە ناوەندی شارۆچکە و گوندەکانی سنووری چل ئاغا و تەل کۆچەر بەردەوامە و بەگوێرەی رێککەوتن، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان شوێنی هێزە سەربازییەکان پڕ دەکەنەوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی دۆسیەی ئەمنی، قۆناخی یێکەڵکردنەوەی فەرمانگە مەدەنییەکان دەستپێدەکات.