سوودانی: گواستنەوەی زیندانیانی داعش لەسەر داوای عێراق بووە

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بڕیارێکی عێراقییە و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، محەممەد شیاع سوودانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ماری رانتاینن وەزیری ناوخۆی فینلاند جەختی کردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت و زیندانییە بیانییەکانی داعش وەربگرێتەوە و رادەستی دادگایان بکات، گوتیشی، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بڕیارێکی عێراقییە و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان لە بوارەکانی گەشەپێدان و ئابووری و تەکنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕی شارەزایی کرا، سوودانی داوای لە کۆمپانیا فینلاندییەکان کرد لە رێگەی دەرفەتە وەبەرهێنانەکانەوە بێنە ناو بازاڕی عێراق و بەشداری لە هەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و راپەڕینی گەشەپێداندا بکەن.

هەروەها هەردوولا باسیان لە هاوکاری ئەمنی کرد بەتایبەت لە بواری مەشقپێدانی هێزەکانی پۆلیس و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و تەکنیکە سەردەمییەکان لە کارە ئەمنییەکاندا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیری ناوچەکە و چارەسەرکردنی ململانێکان لە رێگەی گفتوگۆوە.

لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فینلاندا جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاوکاری لەو بوارانەی کە جێی بایەخی هەردوولان.