مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەوە

فەرماندەی گشتیی هەسەدە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دواییەن پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد و جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق کردەوە

یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026ناوەندی راگەیەندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە،لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ یۆهان ڤادیفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی دۆخی سووریا، رێگەکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کراوە.

هەروەها مەزڵووم عەبدی سوپاسی ئەڵمانیای کردووە بۆ رەخساندنی دەرفەتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە و پشتیوانیی بەردەوامی بەرلینی لە شەڕی دژی داعش بەرز نرخاندووە. هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و بەدواداچوون بۆی، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ستایشی رۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردووە لە تێکشکاندنی داعش و پێزانینی خۆی بۆ ئەو رێککەوتنە دەربڕیوە کە بەدەستهاتووە.

یۆهان ڤادیفۆڵ دووپاتیشی کردووەتەوە، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پشتیوانیکردنی ئەو رێککەوتنە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنەکەی، بە ئامانجی خزمەتکردن بە سەقامگیریی سووریا.