عێراق: کەمپی هۆل پرسێکی ئەمنی و مرۆییە
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی فینلاند رایگەیاند، حکوومەتی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ ناو خاکی وڵات بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەریان، هاوکات جەختی کردەوە کە دۆسیەی کەمپی هۆل لە یەک کاتدا دۆسیەیەکی مرۆیی و ئەمنییە.
یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پێشوازیی لە ماری رانتانین، وەزیری ناوخۆی فینلاند و شاندێکی یاوەری کرد.
نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست کرا، بە ئامانجی برەودان بە هاوکارییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کردووە، "حکوومەتی عێراق بڕیارێکی بوێرانەی پەسەند کردووە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپی هۆل بە خواستی خۆیان، دواتر لە کەمپی (ئەمەل) خستوونیەتە ژێر بەرنامەی شیاندنەوە و زۆربەی خێزانەکانیش دوای تەواوکردنی ئەو بەرنامانە، گەڕێندراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".
ناوبراو روونی کردەوە کە تێڕوانینی عێراق بۆ ئەم دۆسیەیە تێڕوانینێکی گشتگیرە، کە لە یەک کاتدا وەک دۆسیەیەکی مرۆیی و ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، ئەعرەجی ئاشکرای کرد کە "عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی زیندانیانی رێکخراوی داعش بۆ ناو خاکی وڵاتەکە، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەریان ". لەم رووەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و هاووڵاتییانی خۆیان بگوازنەوە.
لای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆی فینلاند پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ عێراق دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بواری ئەمنی، هەواڵگری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان.
ماری رانتانین جەختی لە گرنگیی کاری هاوبەش کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا، لە رێگەی گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسی وەک تاکە رێگە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری.