بازرگانانی عێراق بەهۆی بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی روویان لە تورکیا کردووە
بازاڕی مەرتەرە لە ئیستانبۆڵ یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی فرۆشتنی پۆشاک لەسەر ئاستی تورکیا ئێستا گەرموگوڕییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش دوای ئەوە دێت، حکوومەتی عێراق پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بەتایبەت لە وڵاتی چینەوە زیاد کردووە و بەو هۆیەشەوە ژمارەی ئەو بازرگانانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەچنە بازاڕی مەرتەر دوو هێندە زیادی کردووە.
هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشتر گومرگ بۆ هەر مەتر سێجایەک لە کاڵای چینی 100 بۆ 150 دۆلار بووە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 300 بۆ 400 دۆلار و جگە لەوەش گواستنەوەی کاڵا لە تورکیاوە زۆر خێراترە و تەنیا سێ بۆ چوار رۆژی دەوێت لە کاتێکدا لە چینەوە کاتێکی زۆری دەوێت و رەنگە وەرزەکەشی بەسەر بچێت.
ئێستا بە وتەی بازرگانان بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە پێناسی گومرگی هەزاران کۆنتێنەری بازرگانانی عێراقی لە بەندەری ئوم قەسر گیریان خواردووە و زیانی زۆریان بەرکەوتووە بۆیە بازاڕی مەرتەرە پێشتر بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لە پاشەکشەدا بوو ئێستا بەهۆی بازرگانانی کورد و عێراقییەوە هەناسەیەکی پێدا هاتووەتەوە و جوڵەی تێکەوتووەتەوە.