بەر لە دانوستانەکانی جنێڤ؛ هیلاری کلینتن هێرش دەکاتە سەر دۆناڵد ترەمپ

هیلاری کلینتن رەخنەی توند لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر ئۆکرانیا دەگرێت و بە "شەرمەزارکەر" ناوی دەبات، هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دووپاتی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری خاکەکەی نابێت و وەزارەتی بەرگری رووسیاش کۆنترۆڵکردنی چەندین ناوچەی نوێ رادەگەیەنێت.

هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووتری دەرەوە و پاڵێوراوی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بەرانبەر ئۆکرانیا بە "شەرمەزارکەر" وەسف کرد. کلینتن ئاماژەی بەوە دا، هەر فشارێک بۆ سەر کیێڤ بە مەبەستی قبوڵکردنی رێککەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، یەکسانە بە رادەستبوونێکی قبوڵنەکراو.

ئەم وتانەی کلینتن لە میانی بەشداریکردنی بوو لە کۆنفێرانسی ئاسایشی میونشن، کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی جنێڤ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە پلەی یەکەمدا داوای گەرەنتی ئەمنی دەکات، هەروەها رەتیکردەوە دەستبەرداری هیچ بەشێکی خاکی وڵاتەکەی بێت، لە کاتێکدا کە پێکدادان و تۆپبارانەکان بە چڕی بەردەوامن.

لەسەر ئاستی مەیدانیش، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە سەرەتای مانگی شوباتەوە توانیویانە 12 شارۆچکە لە ناوچەکانی سومی و خارکیڤ کۆنترۆڵ بکەن. تا ئێستاش لایەنی ئۆکرانی هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرانبەر ئەو راگەیەندراوەی رووسیا نەبووە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 222 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان خستووەتە خوارەوە. جەختیشی کردەوە کە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە، سەدان فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا تێکشکێنراون.

ئەم پێشهاتە خێرایانە لە کاتێکدایە، بڕیارە دانوستانێکی سێ قۆڵی لە نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا لە جنێڤ بەڕێوەبچێت، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت، دانوستانەکان بە سەختی بەڕێوەبچن.