هەیبەت حەلبووسی داوای گۆڕینی میکانیزمی لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتاران دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوای گۆڕینی میکانیزمی لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتاران دەکات.

بەپێی نووسراوێکی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشنیار کراوە گۆڕانکاری لە شێوازی وەرگرتنەوەی متمانە و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران بکرێت.

 لە نووسراوەکەدا داوا کراوە مەرجی دەنگدان بۆ ئەو مەبەستە لە "زۆرینەی رەها"وە بۆ دەنگی "دوو لەسەر سێ"ی ئەندامانی پەرلەمان بگۆڕدرێت.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، ئامانج لەم هەنگاوە جێبەجێکردنی ئەرکی پەرلەمانتارانە وەک لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە، هاوکات مەبەست لێی بەهێزکردنی رۆڵی پەرلەمانە لە پرۆسەی بڕیاریدان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی زۆرینەی سیاسی بۆ دەرکردنی پەرلەمانتاران.

تا ئێستا هیچ فراکسیۆنێکی ناو پەرلەمانی عێراق بە فەرمی هەڵوێست یان پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم پێشنیارەی هەیبەت حەلبووسی دەرنەبڕیوە.

بە گوتەی چاودێران، دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیارێک کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی (سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان) هێنا، ترسێک لای پەرلەمانتاران، بەتایبەت فراکسیۆنە سوننییەکان دروست بووە کە زۆرینەی پەرلەمانی (کە ئێستا لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە) بتوانێت بە ئاسانی متمانە لە پەرلەمانتارانی نەیار وەربگرێتەوە. ئەم پێشنیارەی هەیبەت حەلبووسی وەک هەوڵێک بۆ "پاراستنی پەرلەمانتاران" و قورسکردنی پرۆسەی دەرکردنیان دەبینرێت.

بەپێی ماددەی 63ـی دەستووری عێراق و پەیڕەوی ناوخۆ، هەڵگرتنی پارێزبەندی یان لێسەندنەوەی متمانە زۆرجار پێویستی بە زۆرینەی رەها (50+1)ی ئەندامان هەیە، کردنەوەی ئەم رێژەیە بە (2/3) واتە پێویستە نزیکەی 220 پەرلەمانتار دەنگ بدەن بۆ دەرکردنی پەرلەمانتارێک، کە ئەمەش کارێکی زۆر ئەستەمە و نزیکە لە مەحاڵ.