ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعشی ئوسترالی لە کەمپی رۆژ ئازاد کران

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، 34 هاووڵاتی ئوسترالیان ئازاد کرد کە پێشتر بەهۆی پەیوەندیی خێزانیان بە چەکدارانی داعشەوە لە کەمپی رۆژ دەستبەسەر بوون، بەمەش چیتر هیچ هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی کورددا نەماون.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کەمپی رۆژ رایگەیاند، 34 هاووڵاتی ئوسترالیان ئازاد کردووە کە ئەندامی 11 خێزان و کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشن. بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمە یەکەمجارە لە دوای چەند ساڵێک، هیچ هاووڵاتییەکی ئوسترالی لە ناو کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا نەمێنن.

حەکیمە ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کامپی رۆژ، رایگەیاند،  ئەو 11 خێزانە بە شێوەیەکی فەرمی رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە کە لە ئوسترالیاوە بۆ وەرگرتنەوەیان هاتبوونە ناوچەکە. ئاماژەی بەوەش کرد، 2,201 کەس لە 50 نەتەوەی جیاواز لەناو کەمپەکەدا ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ئوسترالیا رایگەیاندووە، بە فەرمی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی ئەنجام نەداوە، بەڵکو دەزگا ئەمنییەکان چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئامادەن بۆ هەر هاووڵاتییەکی ئوسترالی کە بیەوێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بگەڕێتەوە.

دۆسیەی گەڕانەوەی کەسوکاری داعش لە ئوسترالیا مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بە مەترسی ئەمنی دەیبینن، لە کاتێکدا رێکخراوە مرۆییەکانی وەک "پاراستنی منداڵان داوا دەکەن حکوومەت هاوکاریی هاووڵاتییەکانی بکات بۆ رزگاربوون لەو دۆخە مرۆییە خراپەی تێیدا دەژین. لە ساڵی 2023دا ئەو رێکخراوە سکاڵای یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی 11 ژن و 20 منداڵ تۆمار کردبوو.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە دۆخی ئەمنی کەمپەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؛ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هێزە کوردییەکان لە کەمپی هۆل کشانەوە و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا کۆنترۆڵیان کرد. لەو کاتەوە هەزاران ژن و منداڵ کە پێشتر لەو کامپەدا بوون، بەرەو شوێنی نادیار رۆیشتوون، ئەمەش نیگەرانییە ئەمنییەکانی زیاتر کردووە.

لە دوای تێکشکانی داعش لە ساڵی 2019وە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەرپرسیارێتی هەزاران چەکداری دەستگیرکراو و خێزانی  دەستبەسەرکراوی داعشیان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی ترسە ئەمنییەکان، دوودڵن لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان.