ئیلهام ئەحمەد: بەشداریی لە نووسینەوەی دەستووری سووریا دەکەین

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وردەکاریی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا و ئیدارەی دەوڵەتی ئاشکرا کرد و باسی لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و حکومەتی سووریا کرد.

ئیلهام ئەحمەد، کۆبوونەوەی هاوبەشی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بەرهەمدار وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشدا گفتوگۆکان پرۆسەی تێکەڵکردنەوە هێزەکان تاوتوێ کرا و ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە چاودێری پرۆسەکە دەکات و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی هەر ئاڵنگارییەک کە بێتە پێشەوە. هەروەها دەرکەوتنی شاندی هەسەدە و حکوومەتی سووریا بە یەک شاند، پەیامێکی بەهێزی یەکگرتوویی بووە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنەوە دەستیپێکردووە و ئێستا هێزەکان لە بەرەکانی شەڕ کشاونەتەوە و لە خاڵە دیاریکراوەکان جێگیر بوون؛ هەروەها رێککەوتن کراوە کە هێزەکانی هەسەدە لە شێوەی سێ فیرقە لە پارێزگای حەسەکە و لیوایەک لە کۆبانێ لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریادا رێکبخرێنەوە و ناوەکان و داتای ئەندامانی هێزەکە ئاڵوگۆڕ دەکرێن و دەبنە بەشێک لە مەنزومەی بەرگریی سووریا.

ئیلهام ئەحمەد دانی بەوەدا نا کە لە رێککەوتنەکەدا دەستەواژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نییە، بەڵام جەختی کردەوە کە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان هەڵناوەشێنەوە، بەڵکوو تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبن بە شێوازێک کە لامەرکەزییەت بپارێزێت و بەردەوام بن لە خزمەتکردنی دانیشتووانی ناوچەکە.

دەربارەی بوونی سەرکردە و چەکدارانی پەکەکە لە ناو ریزەکانی هەسەدە و مەرجی دەرچوونیان، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، هەنگاوی کردەیی و بەرچاو لەم بارەیەوە نراوە و ئەوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکەن. ئاماژەشی بەوەدا کە ئەم بابەتە پەیوەندییەکی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاشەوە هەیە، بەڵام جەختی کردەوە پابەندن بەوەی نابێت بیانوو بدرێتە دەست هیچ لایەنێک بۆ تێکدانی رێککەوتنەکە.

ئیلهام ئەحمەد هۆشداریدا لە بوونی گوتارێکی رق و کینە کە هەوڵ دەدات کێشە لە نێوان پێکهاتەی کورد و عەرەب دروست بکات و هۆزەکان هان بدات. داوای لە پێکهاتەی عەرەبی کرد کە نەبنە سووتەمەنی بۆ شەڕێک کە بەرژەوەندی ئەوانی تێدا نییە، چونکە هەندێک لایەنی ئیقلیمی و میدیای دیاریکراو پارە بۆ ئەم ئاژاوەگێڕییە خەرج دەکەن.

هەروەها ئیلهام ئەحمەد داوای لە حکوومەتی سووریا کرد وەک هەنگاوێکی متمانە دروستکردن، دەستبەجێ گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ هەڵبگرێت، چونکە ئەمە بابەتێکی هەستیارە بۆ گەلی کورد. ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی خوێندن و پەروەردە بەردەوامە و بڕیارە دانیشتنی تایبەت لەسەری بکرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی خوێندکاران یەکلایی بکرێتەوە؛ هاوکات دیاریکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ حەسەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد.

سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی فەرمی، ئیلهام ئەحمەد پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیازی پۆستی باڵا وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ مەزڵووم عەبدی کراوە، بەڵام ناوبراو بڕیاری خۆی داوە کە هیچ پۆستێکی فەرمی لە حکوومەتی سووریادا وەرنەگرێت. سەبارەت بە خۆشی، ئیلهام ئەحمەد ئامادە نەبوو ئاشکرای بکات کە ئایا پۆستی پێشکەش کراوە یان نا.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، سەرەڕای گۆڕانکارییەکان، پەیوەندییان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشە و بەردەوامە، بەڵام شێوازی پەیوەندییەکە لە هاوبەشیی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. جەختیشی کردەوە ئەوان وەک بەشێک لە دەوڵەتی سووریا بەشداری لە نووسینەوەی دەستووری نوێ و لیژنەی دەستووریدا دەکەن.