نەیجیریا.. بە دەیان کەس لە هێرشێکی چەکداریدا بوونە قوربانی
بەرپرسانی پۆلیس و میدیاکانی نەیجیریا رایانگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی چەکداری لە ویلایەتی نیجەر لە رۆژئاوای وڵاتەکە روویداوە و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون، بریندار بوون و ژمارەیەکی دیکەش رفێندراون.
واسیۆ ئەبیۆدون، گوتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی نەیجەر، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "نزیکەی 200 چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی ناوچەی (بورگۆ) لە ویلایەتی نەیجەر، کە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە ناوچەکەدا."
بەگوێرەی گوتەکانی گوتەبێژی پۆلیس، ئامارە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن، 6 کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار و رفێندراون. هەروەها زیانە ماددییەکانیش سووتانی بنکەیەکی پۆلیس و چەندین ماڵێکی هاووڵاتیان.
لەلایەکی دیکەوە، میدیا ناوخۆییەکانی نەیجیریا ئامارێکی مەترسیدارتریان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 32 کەس.
نەیجیریا ماوەیەکی درێژە لە ململانێدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان. ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە بەدەست هێرشی بەردەوامی باندە چەتەکان و گرووپە توندڕەوەکانی وەک بۆکۆ حەرام و ویلایەتی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەفریقای رۆژئاوا (ئیسواپ) گرفتارن، کە جگە لە کوشتن، زۆرجار پەنا بۆ رفاندنی بەکۆمەڵ دەبەن بۆ وەرگرتنی سەرانە.