ترەمپ: بۆ کیێڤ باشترە بە خێرایی بێتە سەر مێزی دانوستان

(وێنە؛ ئاڵای وڵاتی ئەمریکا، رووسیا و ئۆکرانیا)
(وێنە؛ ئاڵای وڵاتی ئەمریکا، رووسیا و ئۆکرانیا)

لەسەروبەندی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوا دەکات ئۆکرانیا بە خێرایی لەگەڵ رووسیا بگاتە رێککەوتن. 

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "باشترە ئۆکرانیا بێتە سەر مێزی دانوستانەکان، و بە خێرایی." ئەم لێدوانەی ترەمپ وەک ئاماژەیەک بۆ فشاری ئەمریکا دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.

لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند ؛ شاندی وڵاتەکەی گەیشتوونەتە جنێڤ، بەڵام گومانی خۆی لە نییەتی رووسیا دەربڕی. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد؛ هەواڵگری وڵاتەکەی زانیارییان هەیە لەسەر ئەگەری هێرشی نوێی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، جەختیشی کردەوە، "ئەم جۆرە هێرشانە گەیشتن بە رێککەوتن قورستر دەکەن."

سەرۆکی ئۆکرانیا مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەموو شتێک رەتدەکاتەوە و ئامادەی سازش نییە." داواشی لە هاوپەیمانەکانی رۆژئاوا کرد سزای نوێ بەسەر کرێملیندا بسەپێنن و بەپەلە چەکی دژە فڕۆکەیان بۆ دابین بکەن، تا ناچار بە ئاشتییان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسە هەواڵییەکانی رووسیا پشتڕاستیان کردەوە، شاندی وڵاتەکەیان بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر مەدینسکی، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، بەرەو سویسرا بەرێکەوتوون.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین، دەربارەی ئەجێندای ئەم خولەی گفتوگۆکان رایگەیاند: "ئامانجەکە تاوتوێکردنی پرسە سەرەکییەکانە، کە پەیوەندییان بە ئیمتیازاتی خاکی و ئەو داواکارییانەوە هەیە کە مۆسکۆ پێشتر خستوویەتیە روو."

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دانوستانەکان لە جنێڤ بە نێوەندگیری راستەوخۆی ئەمریکا دەستپێبکەن، لە کاتێکدا دۆخی مەیدانی لە بەرەکانی جەنگ و هێرشە ئاسمانییەکان بە ئاڵۆزی ماونەتەوە.