حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا: زۆربه‌ی هێرشه‌كانی دژی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له‌لایه‌ن به‌ره‌ی به‌رگرییه‌وه ئه‌نجامدراون
"سوپای پاسدارانی ئێران پشتیوانییه‌كی زۆری چه‌ك و ماددی پێشكه‌ش به گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق كردووه"

K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی رایگه‌یاند، فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران پشتیوانییه‌كی ته‌واوی پێشكه‌ش به گرووپه‌كانی به‌ره‌ی به‌رگری "مقاومة"ی عێراقی كردووه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گروپه میلیشیاكانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی، كه فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن.
له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی مه‌یادین، نه‌سروڵڵا گوتی: "ئه‌و گرووپانه له‌ڕووی چه‌ك، راهێنانی سه‌ربازی و داراییه‌وه له‌لایه‌ن فه‌یله‌قی قودسی ئێرانه‌وه پشتیوانی كراون، كه له‌لایه‌ن قاسم سوله‌یمانییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئه‌و گروپانه‌ی به‌دیل گرت و دانپێدانانیان لێ وه‌رگیرا، ئێستا ئه‌و راستییه باش ده‌زانن".
هه‌روه‌ها گوتی: "قاسم سوله‌یمانی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی عێراقیدا هه‌بوو، به‌تایبه‌ت له دۆسییه سه‌ره‌كییه‌كاندا".
راشیگه‌یاند: "زۆربه‌ی كرده چه‌كدارییه‌كانی دژ به "داگیركاری"ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی به‌ره‌ی به‌رگرییه‌وه ئه‌نجامدراون" و جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئێستا كۆمه‌ڵێك گه‌نج له دژی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیان به به‌رگری چه‌كداری كردووه".
هه‌روه‌ك دووپاتیكرده‌وه، "سوپای ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی له قاسم سوله‌یمانی كرد، كه بنكه‌كانیان له ئێران ده‌كه‌نه ئامانج، ئه‌گه‌ر له هاوكاریكردنی به‌ره‌ی به‌رگری عێراقی به‌رده‌وام بن"، گوتیشی: "سوپای ئه‌مه‌ریكا نامه‌یه‌كی بۆ قاسم سوله‌یمانی نارد و پێیان راگه‌یاند، كه له كشانه‌وه‌ی له عێراق هاوكاری ده‌كه‌ن".
H.B